ئاریەن

ڕژیمی ئێران هەوڵدەدات لەگەڵ ڕووسیا هاوپەیمانی دەریایی پێکبێنێت

هاوکات لە گەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزیەکان لە کەنداو ڕژیمی ئێران شەڕەنگێزیەکی نوێ لە ناوچەکە دەستپێکردووە و لە هەوڵدایە لە گەڵ رووسیا هاوپەیمانیەتیەکی دەریایی پێکبێنێت.

لە مانگی گوڵانی رابردوو بە تەقینەوەی دوو کەشتی نەوتبەری سعوودی و یەک نەوتبەری نوروێژی و نەوتبەرێکی ئەماراتی لە نزیکی بەندەری فوجەیرە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ئاڵۆزیەکان لە کەنداو پێنایە قۆناغێکی نوێیەوە.

چەند هەفتە دوای ئەوە و هاوكات لە گەڵ چاوپێکەوتنی عەلی خامنەیی و شینزۆ ئابێ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، جارێکی تر دوو کەشتی نەوتبەر لە ناوچەکە کرانە ئامانج.

بەڵام ئەوە دەستبەسەر گرتنی کەشتیکەی بەریتانیایی و داخستنی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئامریکایی لەلایەن سپای پاسدارانی رژیمی ئێرانەوە بوو کە تێکهەڵچوونەکانی نێوان ڕژیمی ئێران و وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژاوایی گەیاندە لووتکە.

رۆژی ١٣ی پووشپەڕ هێزەکانی بەریتانیا کەشتیەکی زەبەلاحی هەڵگری نەوتی ئێرانیان لە جەبەلوتارێق ڕاوەستاند، بەریتانیا و حکوومەتی خۆجەیی جەبەلوتاریق رایانگەیاند هۆکاری دەستبەسەر دا گرتنی ئەو کەشتیە
ئەوە بووە نەوتی قاچاخی بۆ ڕژیمی سووریە گوازتوتەوە.

دواتر رۆژی ٢٨ی پووشپەڕ نەوتبەرێکی بەریتانیایی بە ناوی ستینا ئیمپرۆ لەلایەن سپای پاسدارانی رژیمی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا.

ژمارەیەک لە کاربەدەستانی رژیمی ئێران لەنێویاندا عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلسی رژیمی ئێران سەرەتا وتیان ئەو کەشتی نەوتبەرە بەریتانیایەکەمان بە تۆڵەی دەستبەسەردا گرتنی کەشتیێکی ئێران لە جەبەلوتارێق گرتووە، بەڵام هەر زوو لەو وتەیەی خۆیان پاشگەز بوونەوە.

لە سەرەتای تەنگتر بوونەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران، موحسێن ڕەزایی فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران بە زمانی هەڕەشە ڕایگەیاندبوو ئەگەر نەوتی ڕژیمی ئێران لە گەرووی هورموز هەناردە نەکردێت ئەوا نەوتی هیچ وڵاتێکیش بەو ڕێگایەدا تێناپەڕێت.

دوێنێش سپای پاسدارانی رژیم رایگەیاند ئێوارەی رۆژی چوارشەمە ٩ی مانگی گەلاوێژ کەشتیەکی لە نزیک دوورگەی فارسی لە کەنداو دەستبەسەر کردووە کە ئەو کەشتیە ٧٠٠ هەزار لیتر گازۆئیلی پێبووە.

ڕاگەیاندنەکانی سەربە رژیمی ئێران لە هەوڵێکی چەواشەکارانەدا ڕایانگەیاند ئەو نەوتبەرە عێراقی بووە، وەزارەتی نەوتی عێراق هەموو جۆرە پەیوەندیەکی لەگەڵ ئەو کەشتیە رەت کردوتەوە.

وتە بێژی وەزارەتی نەوتی عێراق عاسم جیهاد ئێوارەی دوێنێ ڕایگەیاند ئەو نەوتهەڵگرە کە ئێرانیەکان دەستیان بەسەردا گرتووە نەوتبەرێکی بچووکە و هیچ پەیوەندیەکی بە ئێمەوە نیە، ئەو کاربەدەستەی حکوومەتی عێراق جەختی کردوتەوە وڵاتەکەی هیچ جۆرە گوزۆئیل هەناردەی دەرەوە ناکات.

لە نوێترین سەرکێشی رژیمی ئێران لە ناوچەکەدا فەرماندەی هێزی دەریایی ئەرتەشی رژیم حسێن خانزادی ڕایگەیاند لە گەڵ هاوتا ڕوسەکەی کۆبوونەتەوە و ڕێکەوتنێکی سەربازیان واژۆ کردووە، ئەو کاربەدەستەی رژیمی ئێران دانی بەوەدا ناوە له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا پلانی هاوبه‌ش له‌ نێوان ئێران و ڕووسیا بۆ به‌ڕێوه‌چوونی مانۆڕی سه‌ربازی هه‌ر دوو وڵات ئاماده‌ ده‌کرێت.

ئاشکرایە ئەوەی تێچووی هەموو ململانێیەکانی نێوان ڕژیمی ئێران و وڵاتانی رۆژاوا و کەنداو دەدات گەلانی ئێرانن و ڕژیمی ئێران هیچ بەرپرسیارەتیەکی لە بەرامبەر گەلاندا نییە.