ئاریەن

یەرەکە ناسنامەی چوار گەریلای گیانبەختکردووی ئاشکرا کرد

ناوەنی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان یەرەکە لە ڕاگەیندراوێکدا ناسنامەی چوار گەریلای ئاشکرا کرد کە لە ٧ی ژوولای لە دەڤەری جوانڕۆ گیانیان بەخت کردوە.

لە راگەیندراوەکەی یەرەکەدا هاتووە، لە چیاکانی شاهۆ لە دەڤەری جوانڕۆ تیمێک لە هەڤاڵانمان لە کاتی جێبەجێ کردنی ئەرکی گەریلای دەکەونە کەمینی بەکرێگیراوانی ڕژیمی داگیرکەری ئێرانەوە و گیانیان بەخت دەکەن.

یەرەکە راگەیاند لەبەر ئەوەی کە دوژمن بە هێزی تایبەت هەموو جۆرە هاتوچۆی لە ناوچەکە قەدەغە کردبوو نەماتوانی سەبارەت بە ئوپراسیۆنەکە ئەنجامێکی روون بە دەست بێنین، لە بەر ئەوە لە بنەماڵەی شەهیدان و گەلی وڵاتپارێزمان داوای لێبوردن دەکەین.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی یەرەکە ناسنامەی ئەو گیانبەختکردوانە بەمجۆرەیە:

ناو و پاشناو: ئەرسەلان حەسەنی
ناسناو: بۆتان سپیران
شوێن لە دایکبوون: ئورمیە
شوێنی شەهید بوون: جوولای ٢٠١٩ /جوانڕۆ

ناو و پاشناو: موحەمەد موحەمەدی
ناسناو:فەرهاد زرێبار
شوێن لە دایکبوون: مەریوان
شوێنی شەهید بوون: جوولای ٢٠١٩ /جوانڕۆ

ناو و پاشناو: ڕەهبەر ئودونگیت
ناسناو: مەمیان هزرۆ
شوێن لە دایکبوون: ئامەد
شوێنی شەهید بوون: جوولای ٢٠١٩ /جوانڕۆ

ناو و پاشناو: ئیدریس شەفیعی
ناسناو: ڕزگار زرنەیی
شوێن لە دایکبوون: ئیلام
شوێنی شەهید بوون: جوولای ٢٠١٩ /جوانڕۆ

لە راگەیندراوەکەی یەرەکەدا سەبارەت بەو گیانبەختکردووانە هاتووە، هاوڕێمان بۆتان سپیران لە ساڵی ١٩٨٢ لە ئورمیە لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز هاتوتە دنیا و لە سەرەتای جەوانیەوە بەشداری تێکۆشانی ئازادی بووە، هاوڕێمان بۆتان سپیران لە هەرکوێ ئەرکدار کرابێت لە خنێرە هەتا حەفتانین ، لەمەریوان تا جوانڕۆ بەبێ دوودڵی و بەفیداکاریەکی مەزن تێکۆشیوە وبۆ خەباتی ڕێکخستنی ڕوویکردە ناوچەی جوانڕۆ و بە قارەمانەتێکی مەزن گەیشتە ئاستی شەهیدبوون.

هاوڕێمان فەرهاد زرێبار لە ساڵی ١٩٩٣ لە گوندی لەنجاوا لە مەریوان لە دایکبوو، لە تەمەنی جەوانی بەشداری تەڤگەری ئازادی دەبێت و لە ماوەیەکی کورت ئەرکی پێشەنگایەتی هەڤاڵانی خۆی دەگرێتە ئەستۆ. هەڤاڵ فەرهاد زرێبار لە بەر هەڵوێستە فیداکارانەکانی ببوە خۆشەویستی گەل و هەڤاڵانی. فەرهاد زرێبار نموونەیەک بو لە پاکی،هەموو کات هێڵی ریبەر ئاپۆی بە بنەما دەگرت و هەتا دوایین دڵۆپی خوێن تێکۆشانی بەئەنجام گەیاند و پەیوەستی کاروانی شەهیدان بوو.

هەڤاڵمان مەمیان هزرۆ لە ساڵی ١٩٩٣ لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لە ناوچەی هزرۆ لە ئامەد لە دایکبوو، لە سەرەتای جەوانیەوە ڕێکخستن دەناسێت و بەشداری خەبات دەبێت، لە دژی کردەوە دڕندانەکانی دوژمنان هەمووکات دەیویست لە ریزی پێشەوەی تێکۆشاندا جێگا بگرێت. لە ساڵی ٢٠١٤ روویکردە رۆژهەڵاتی کوردستان و ماوەیەکی درێژ لەوێ لە دژی دوژمنی داگیرکە بەرخودانی کرد و پەیوەستی کاروانی شەهیدان بوو.

هەروەها هەڤاڵمان رزگار زرنەیی لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری ئیلام هاتوتە دنیا، دوژمنی داگیرکەر لە ناوچەکانی ئیلام و کرماشان بۆ ئەوەی جەوانانی کورد خۆیان نەناسن و ناسنامەی خۆیان لە بیر کەن هەموو جۆرە سیاسەتێکی پاکتاو کردن و تواندنەوەی کلتووری بەڕێوە دەبات. هەڤاڵمان ڕزگار لە تەمەنی جەوانیدا و لە بەرامبەر کردەوەکانی ڕژیمی داگیرکەری ئێران سەرهەڵدەدات و دەکەوێتە لێگەڕین و بە هەڵوێستێکی پاک و بێگەرد بێ دوودڵی بەشداری تەڤگەری ئازادی دەبێت. هەڤاڵ رزگار بە ڕووخۆشی و دڵفراوانی لە نێو هەڤاڵانی دەناسرا. هاوڕێمان رزگار پێداگر بوو لە سەر ئەوەی کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی دوژمنی داگیرکەر شەڕ بکات، لە سەر ئەو بنەمایە تا کاتی شەهیدبوونی بە هەڵویستێکی ئاپۆیی لە بەرامبەر دوژمنی داگیرکەر تێکۆشا.

لە کۆتایی ڕاگەیندراوەکەی یەرەکەدا وێڕای سەرخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان و گەلی وڵاتپارێزی کوردستان هاتووە: ئێمە وەکوو گەریلای رۆژهەڵاتی کورددستان بۆ خاوەندارەتی کردن لە رەنج و فیداکاری ئەو هەڤاڵانەمان، ئاڵای بەرخودان کە داویانەتە دەستی ئێمە بەرز و بڵند ڕادەگرین و هەتا بەدیهاتنی ئاواتەکانی ئەوان لە تێکۆشان بەردەوام دەبین.