ئاریەن

عومەری حاجی عەنایەت: یەکیەتی و پارتیش کاتی خۆی لە دیوی رۆژهەڵاتەوە پەلاماری عیراقیان ئەدا

یەکێک لە کەسایەتیەکانی دەڤەری هەڵبجە و پارلەمانتاری پێشوی پارلەمانی هەرێمی باشوری کوردستان موهندس عومەری حاجی عەنایەت دژ بە داگیرکاریەکانی تورکیە هەڵویستی نواند و سەبارەت بەو دەنگویانە کە دەڵین با پە کە کە خاکی باشور بەکار نەهێنی وتی: ئەو جۆرە هەڵویستانە زەرەر لە یەکیەتی کوردان ئەدەن و پێشتر یەکیەتی و پارتی لە دیوی رۆژهەڵات و حیزباکانی رۆژهەڵات لە دیوی باشورەوە دژی داگیرکەران وەستاونەوە.

هاوکات کە هەوڵی داگیرکاری باشوری کوردستان لە لایەن رژیمی داگیرکەری تورکیەوە بەرفراوان دەبێتەوە و کۆمەڵیک کەس و لایەنی ژێر فەرمانی حکومەتی ئەردوغان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو هێرشانە دژی پە کە کە یە و با پە کە کە باشور بە جێ بێڵی، کۆمەڵیک کەسی بەرپرس و خاوەن هەڵویستی نەتەوەیی هاتونە دەنگ و ئەو جۆرە هەڵویستانە بە چەوت دەزانن. یەکێک لەو کەسایەتیانە موهندس عومری حاجی عینایەتە و لەوبارەوە بۆ رۆژنیوزقسەی کردوە.

موهندیس عومەر لە سەرەتای قسەکانیدا، ئاماژە بەو وتەیەی ئەردۆغان دەکات، کە هەینی ڕابردوو وتبووی “هێڵێکی ئەمنیی لە دەشتەکاندا” لە باشوری کوردستان دروستدەکەین و، وتی: من خۆم گوێم لەو قسەیەی ئەردۆغان بوو، بە باوەڕی من ئەگەر حکومەتی هەرێم هاوکاریی نەکات لەو بۆچوونە ئەوا سەرکەوتوو نابێت، چونکە ئەوان دەیانەوێت سێ لای قەندیل کە لەناو هەرێمی کوردستاندایە بۆ نموونە لە ناوچەی سۆرانەوە هەتا ناوچەی پشدەر و قڕناقا و پشتئاشان بگرن.

موهندس عومەری حاجی عەنایەت دەڵێت: تورکیا بەوهیوایەیە کە بە هاوکاریی هێزەکانی باشوری کوردستان، هاتووچۆی گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان داببڕێت، ئەمە بەڕاستی پیلانێکی زۆر سامناکە و ئەگەر سەربگرێت گورزێکی گەورە لە یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان دەدات، لە هەموو بوارێکەوە زەرەر لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لە هەرچوار پارچە دەدا، بۆیە هیوادارم حکومەتی هەرێم نەچێتە ژێر باری ویست و ئارەزووەکانی ئەردۆغانەوە.

عومەر عینایەت سەبارەت بە پاساوهێنانەوەی هێزە دەسەڵاتدارەکانی باشوری کوردستان بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە و ئەو قسەیەی کە دەڵێن “نابێت خاکی باشوری کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا بەکاربهێندرێت” دەڵێت: کاتی خۆی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە قوڵایی ئێرانەوە(کە مەبەست رۆژهەڵاتی کوردستانە) چالاکییان دژی ڕژێمی بەعس دەکرد، هێزەکانی رۆژهەڵاتیش باشوریان بەکار هێناوە، بە باوەڕی من دەبێت جۆرێک لە لێکتێگەیشتن لە نێوان هەرێمی کوردستان و پەکەکەدا هەبێت و هەردوولا بە تەفاهوم بگەن.

موهندیس عومەری حاجی عێنایەت، ئاماژەی بەوە دا کە هێندی کەس و لایەن بانگەشی بۆ دەکەن، گویا تورکیا تەنیا دژی پەکەکەیە نەک گەلی کورد، و دەڵێت: ئەردۆغان تەنها دژی پەکەکە نییە بەڵکو ئەو خۆی دەڵێت کە کورد لە هەر شوێنێک بێت دژایەتیی دەکات، بۆیە ئەمە تەنها پەیوەندیی بە پەکەکەوە نییە بەڵکو پەیوەندیی بە هەموو کوردەوە هەیە، بۆیە بێگومان ئەگەر خەڵکی کوردستان هەڵوێستیان نەبێت بەرامبەر بەم پیلانە ڕەنگە بۆی بچێتە سەر، بەڵام بە باوەڕی من خەڵکی کوردستان لەمبارەوە بێ هەڵوێست نابێت.

لە کۆتایدا عومەر عینایەت دەڵێت: دەبێت لە ئاستی شەقامی کوردیی و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرەکانمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوێست هەبێت و ڕێگا نەدەن ئەردۆغان و هێزەکانی بەمشێوەیە بێنە ناو خاکی کوردستانەوە.