ئاریەن

کرماشان، هێزە نیزامیەکان هاوڵاتێکیان کوشت و دووی دیکەشیان بریندار کرد

لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامیەکانی ئێران لە شاری کرماشان هاوڵاتێک گیانی لەدەستدا ودوانی دیکەش بریندا بوون.

بە پێ سەرچاوەکانی هەواڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، دوێنی هێزە نیزامیەکان لە شاری کرماشان دەسترێژی گولەیان لە ماشینی هاوڵاتیەک کردوە .

لە ئاکامدا جەوانێکی ٢٣ساڵان بە ناوی مەجید یەعقووب نیا گیانی لە دەستداوە و دوو کەسی دیکە بەناوەکانی میلاد پەلەنگی و میعاد شاوەیسی بریندار بوون.

دەوترێت ، بارودۆخی تەندروستی یەکێک لە برینداربووەکان نالەبارە و لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.

شایانی باسە هێزە چەکدارەکانی رژێم بە بیانوی هەلگرتنی باری قاچاخ، بە شێوەی هەڕەمەکەی دەسترێژی گولە لە ماشینی هاوڵاتیان دەکەن و ساڵانە سەدان کەس دەبنە قوربانی و دواتر دەردەکەوێت کە باری ئەو ماشینانە تەنها کەلوپەل و پێداویستی رۆژانەی هاوڵاتیان بوە .