ئاریەن

کەمئاوی کێشەی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی سەرپێڵ زەهاو دروست کردووە

کێشەی کەم ئاوی لە وەرزی گەرمادا بۆتە قەیرانێکی گەورە بۆ هاوڵاتییانی لێقەوماوی سەرپێڵ زەهاوی سەربەپارێزگای کرماشان.

محەبەت جەماڵی نیا قایمقامی شاری سەرپێڵ زەهاو، قەیرانی کەم ئاوی بە کێشەی هەرە گەورەی هاووڵاتییانی دەزانێت و دەڵێت
بوومەلەرزە بەهێزەکەی سەرپێڵ زەهاو کێشەی ئاوی خواردنەوەی زیاتر کردووە و زیانی زۆری گەیاندوە بە ژێرخانی گەیاندنی ئاو لەو ناوچە .

جەماڵی نیا،هەروەها دەڵێت لە ئێستادا بە هۆی گەرمتر بوونی هەواوە ئەو کێشەیە زیاتر گرفتی بۆ هاوڵاتیان دروست کردوە و تۆڕی گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵی هاووڵاتییان کۆن و داڕزاوە و ناوبەناو بۆریی ئاوەکان دەشکێت و ئەمانە کۆمەڵێک گرفتی قووڵن کە بوونەتە هۆی کێشەی کورتهێنانی ئاو.

ئەو هەروەها دەڵێت: لەم نێوەندەدا ئەرکی سەرشانی “ڕێکخراوی خانووبەرە” و دامودەزگای پێوەندیدارەکانە کە ئاوی پێویست بۆ بیناسازی لە ناوچەکەدا دابین بکات، لە بەر ئەوەی هاووڵاتییانی لێقەوماو بۆ نۆژەن کردنەوەی ماڵە ڕووخاوەکانیان ئاوی خواردنەوە بەکار نەهێنن.

جی ئاماژە پێدانە کە زیاتر لە سەدا ٧٠ی هێڵی بۆریی گەیاندنی ئاو لە ناوچەکەدا داڕزاوە و پێویستی بە نوێ کردنەوە هەیە و  ئەوەش پێویستی بە ٥٧ملیار تمەن بودجەیە.

سەرپێڵ زەهاو کەوتۆتە ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان و زیاتر لە 90 هەزار کەس دانیشتوان لە خۆ دەگرێت.