ئاریەن

کەجەکە: ئیدعای ئەردۆغان درۆ و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە

ئەردۆغان و کاربەدەستانی ئاکەپە کۆبوونەوەکانی پرۆپاگەندەی هەڵبژاردنیان کردووە بە سەکۆیەک بۆ شەڕی تایبەت لە دژی گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی گەلی کورد.

چەند رۆژە ڕەجەب ئەردۆغان بانگەشە دەکات؛ لە هێرشێکی هەوایی دا بۆ سەر قەندیل لە کۆبوونەوەی بەرێوەبەرانی پەکەکەیان داوە و ژمارەیەکی زۆر گیانیان لەدەست داوە.

ئەمڕۆ هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە ئەو بانگەشانەی ئەردۆغانی بە درۆخستەوە و ڕایگەیاند:
” ئەو ئیدعایانە، درۆ و پرۆپاگەندەی هەڵبژاردنن.”

ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ماوەى چەند رۆژێکە لە هەموو شوێنکێدا دەڵێت، بەڕێوەبەرانى پەکەکەیان لە کۆبوونەوەیەکەدا بۆردومان کردووە و “٣٥ بەڕێوەبەر ژیانیان لە دەستداوە”. میدیاى ئاکەپەش بە بەردەوامی ئەو ئیدعایە بڵاودەکاتەوە.

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان” کەجەکە” لەوبارەیەوە لێدوانێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند:” تەیب ئەردۆغان ماوەى چەند رۆژێکە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا دەستیکردووە بە درۆى گەورە گەورە. میدیاکانى سەر بە ئەردۆغانیش ئەو درۆیە یەک لە سەر یەک بڵاودەکەنەوە. بەپێى ئەو درۆیە، فڕۆکە جەنگییەکان کۆبوونەوەیەکەى بەڕێوەبەرانى ئێمەیان بۆردومانکردووە و ٣٥ هەڤاڵمان شەهیدبوون. با هەموو گەلانى تورکیا، هێزە دیموکراسیخوازەکان، حیزبە سیاسییەکان و ئۆپۆزسیۆن ئەوە بەباشى بزانن، کە ئەو ئیدعایە، درۆیە و بۆ فریودانى گەل بڵاوکراوەتەوە.

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە ڕادەگەیەنێ:
” ئێمە هەموو گەلانى تورکیا و هێزە سیاسییەکان ئاگادار دەکەینەوە، کە پێویستە بە خێرایى ئەو درۆیەى ئەردۆغان پوچ بکەنەوە. ئەگەر شتێکى لەو شێوەیە رووى بدایە لە هەموو میدیاکانى جیهاندا بڵاودەبوویەوە، بەڵام با هیچ کەس دودڵ نەبێت، ئەوە یاری و فێڵانەی ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردن ئاشکرا دەبن و بەسەریدا دەشکێتەوە.”