ئاریەن

هەپەگە: ٣٣ سەربازی تورکیا لە جولەمێرگ کوژران

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل سەبارەت بە چالاکییەکانی هێزەکانی گەریلا لە جولەمێرگ، شرناخ و دێرسم زانیاری بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند:” تەنیا لە چالاکییەکی هێزەکانی گەریلا دا لە چەلێ ٣٣ چەکداری ئەرتەشی داگیرکەری تورک کوژران.

دوێنی هێزەکانی گەریلا لە نزیک گوندی “چەمی بەدەلێ” لە دوو قۆڵەوە لە دژی کاروانێکی سەربازی ئەرتەشی داگیرکەری تورک کە لە ٣٠ ماشین پێکهاتبوون چالاکییان ئەنجام داوە و لە ئاکام دا ماشینێكی جۆری ئەژدەر و دوو ماشینی دیکەی جۆری دووپشک، بە تەواوی تێکشکێندراون و لەو چالاکییەدا بە گشتی ٣٣ چەکداری دەوڵەتی داگیرکەری تورک کوژران. لە دوای چالاکییەکە ئەرتەشی تورک بە فرۆکەی بێفرۆکەوان و هەلیکپتەری کۆبرا دەورووبەری شوێنێ چالاکییەکەیان بۆمباران کردووە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە بەردەوامی لێدوانەکەی دا ڕایگەیاند:” ڕۆژی ٢٠ی حوزەیران هێزەکانی گەریلا لە دژی ماشینێکی سەربازی جۆری “ڕیۆ”ی ئەرتەشی داگیرکەری تورکیا کە لە گردی عەلیشێری ناوچەی گەڤەری جۆلەمێرگ بەرەو ئەرتووش دەچوو، چالاکییان ئەنجام داوە و لە ئاکام دا ماشینەکە بە تەواوی تێکشکێندراوە و ٣ چەکداری ئەرتەشی داگیرکەری تورک کوژران. هەر هەمان ڕۆژ هێزەکانی گەریلا لە دژی پایەگای سەربازی “سینەکێ”ی لە ناوچەی قلابان لە پارێزگای شرناخ چالاکییان ئەنجام داوە و کە ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی ئەرتەشی داگیرکەری تورک ڕوون نەبۆتەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە کۆتایی لێدوانەکەی دا ڕایگەیاند:” هێزەکانی گەریلا لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆرشگێری شەهید ئۆزان و شەهید ڕۆزا دا لە ناوچەی “شەهید دەلیل” لە دێرسیم لە دژی گرووپێک چەکداری ئەرتەشی داگیرکەری تورک چالاکییان ئەنجام داوە لە ئاکام دا چەکدارێک کوژراوە.”

هەپەگە سەبارەت بە بۆمبارانی هەرێمەکانی پاراستنی مێدیاش ڕایگەیاند؛” ڕۆژی ٢٠ی حوزەیران گۆڕەپانی “دۆڵا سلێ” لە حەفتانین و ذوێنی گردی “شکێف” لە هەرێمی خواکورک لە لایەن فرۆکە جەنگییەکانی ئەرتەشی تورکەوە بۆمباران کراوە. لەو هێرشانەدا هێزەکانی گەریلا هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.