ئاریەن

دوو پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان پرسی داگیرکاریەکانی تورکیایان گەیاندە پارتەکانی فەرەنسا

دوو پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان، پیلانی داگیرکارییەکانی تورکیایان لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان گەیاندە پارتەکانی فەرەنسا و داوایان کرد،پرۆژەی دژە فڕینی فڕۆکەی سەربازیی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستان پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایش بکات.

هەریەکە لە سالار مەحمود و شێرکۆ حەمەئەمین ، پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان ، لە دوڕۆژی ڕابردودا لەگەڵ بەرپرسانی پارتی سەوز و پارتی کۆمۆنیستی فەرانسا کۆبونەوە و لە تەوەرێکی کۆبونەوەکانیاندا پرسی هێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیایان بۆسەر خاکی باشوری کوردستان کردوە و لە دیدارەکانیاندا داوایان لە فەرانسا کردوە ،کە پرۆژەی دژە فڕینی فڕۆکەی سەربازیی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستان پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایش بکات.

لەبەرامبەر داخوازیەکانی پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستاندا ، عەبدولسەلام کلێش ، سکرتێری پارتی سەوزی فەرانسا و نوێنەرانی پارتی کۆمۆنیستیش، پشتیوانی خۆی بۆ گەلی کورد نیشانداوە و ڕایگەیاندوە کە ئەو پرسانەی لەنێو دیدار و کۆبونەوەکاندا قسەیان لەسەر کراوە لەگەڵ پەرلەمانتارەکانی خۆیاندا باسی لێوەدەکەن و تا لەو ڕێگەیەوە دەیبەنە نێو کۆبونەوەی پەرلەمانی فەرانساوە.