ئاریەن

مانگرتنی شەش ژنی دەروێشی گونابادی لە زیندانی قەرچەک بەردەوامە

مانگرتنی شەش ژنی دەروێشی گونابادی لە زیندانی قەرچەک، لە ناڕەزایەتی دژ بە کردەوەکانی کاربەدەستانی ڕژێم لە گرتوخانەدا بەردەوامی هەیە.

بەگوێرەی کەمپینی مافی مرۆڤی ئێران، داێکی سپیدە مورادی یەكیک لە ژنانی دەروێشی گونابادی ڕایگەیاندوە، کە لە دە ژنە گیراو شەش ژنە دەروێشی گونابادی لە زیندانی قرچەک بە ناڕەزایەتی دژی ڕەفتارەکانی کاربەدەستانی زیندان لە ڕۆژی دوشەمبە ٢١ جۆزەردان دەستیان بە مانگرتن کردوە.

دەروێشانی گونابادی لە ٩٦ی هەتاوی بە ناڕەزایەتی دژی دەورەدانی ماڵی نور عەلی تابەندە، لە شەقامی حەوتی پاسدارانی تاران گردبونەوەیان ئەنجامداو بە هۆی دەست تێوەردانی هێزەکانی ڕژێم بە توندوتیژی کۆتای هات.

دەگوترێت هەر لەو کاتەدا و ڕۆژێک دواتریش نزیکەی ٣٠٠ دەروێشی گونابادی دەستبەسەر کران و ١٧٠ کەس لەوان بە هۆکاری ئەشکەنجەو ئازاری زۆرەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کران. ئەوان دوای چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی گرتوخانەکانی ئەوین و فشافویە کران و ژنانی دەروێشیش ڕەوانەی زیندانی قەرچەک کران.