ئاریەن

دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری ژماردنەوەی دەنگەکانی بەدەست پەسەند کرد

دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا كە ژماردنەوەی دەنگەكانی بە دەست ڕەوایە و شەرعییە، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكان و دەرەوەی وڵاتی ڕەتكردەوە.

ئەمڕۆ لە شاری بەغدا دادگای فیدراڵی عێراق، دانیشتنێكی تایبەتی لەسەر ئەو تانانە ئەنجامدا كە دژی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان تۆمار كرابوون و سەرجەمی ئەو مادانەی پەسەند كرد، كە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری لەسەردابوو وەک ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و ڕاگرتنی كارەكانی كۆمسیۆن، جگە لە مادەی ٣ كە باس لە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكان و دەنگدانی دەرەوەی وڵات هەڵبوەشێنرێتەوە.

ئەوەی جێی باسە ڕۆژی ٦ ی ئەم مانگە ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چەند بڕیارێكی دەركرد، ئەوانیش ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست، ڕاگرتنی كارەكانی كۆمسیۆن و دانانی نۆ دادوەر لە جێگەی ئەنجومەنی كۆمسیاران، هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكان و دەرەوەی وڵات.

دوای ئەوە هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و فواد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن تانەیان لەو بڕیارانەی ئەنجومەنی نوێنەران گرت.