ئاریەن

بەهۆی پێنەدانی مافەکانی پەرستارێک کۆتای بەژیانی خۆی هێنا

پەرستارێکی خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی خراپی بارودۆخی ژیان و پینەدانی مافەکانی کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی سەرچاوە هەرێمیەکان لە شاری سنەوە، پەرستارێکی کوردی نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە، لەئەنجامی پێنەدانی موچە و حەقی ئیزافەکاری لەلایەن بەرپرسانی ئەو نەخۆشخانەیەوە، کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

ناسنامەی ئەو پەرەستارە کوردە “نەشمیل حوسێنی” ڕاگەیەنراوە.

باس لەوەدەکرێت کە ناوبراو لەڕێگەی خواردنی حەبەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە و لە ڕۆژانی ڕابردودا کاتێک هەوڵی خۆکوژیەکی داوە بەهۆی خواردنی ئەو حەبانەوە ماوەی چەند ڕۆژێک لە بێهۆشی درێژخایەندابوە و  ڕۆژی ڕابردو گیانی لەدەست داوە.

زانیاریەکان باس لەوەدەکەن، بەرپرسانی نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە هەوڵی پەردەپۆشکردنی ئەو هەواڵەدەدەن و کەشی ئێستای نەخۆشخانەکەیان بە پۆلیسی کردوە و هەر ئەو هۆکارەش وای کردوە کە مافی موچە و حەقی ئیزافەکاری نەدرێت و ئەو ڕوداوە نەخوازراوانەی لێبکەوێتەوە.

شایانی باسە کەمتەرخەمیەکانی ڕژێمی ئێران لەبارەی پێنەدانی حەقدەست و پێشێلکردنی مافەکان لە زۆربەی ناوەندەکانی دا هەیەوە لە ماوەکانی ڕابردودا بۆچەندین مانگ لە شارەوانیەکانی مەریوان و سنە و بانە و کرماشان بۆچەندین مانگ حەقدەستی کرێکارانی نەداوە.