ئاریەن

پەکەکە: کۆمەڵکوژیی غەزەی شەرمەزارکرد و سەرەخۆشیی لە گەلی فەلەستین کرد

کۆمیتەی بەڕێوبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، لەبارەی کۆمەڵکوژیی غەزەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو کۆمەڵکوژییە سەرەخۆشیی لە گەلی فەلەستین کرد.

لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئیسرائیلییەکان بۆسەر خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی فەلەستینی ٥٥ کەس کوژران و زیاتر لە دوو هەزار کەس برینداربوون، پەکەکە بەبڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئەو هێرشەی شەرمەزارکرد.

پەکەکە ڕایگەیاند: ئەو کێشەیە بە توندوتیژی چارەسەرناکرێت، قودس دەبێت پایتەختی هەموو مرۆڤایەتی و هەموو ئایینەکان بێت، قبوڵ ناکرێت کە ئیسرائیل بەپایتەختی خۆی ناوزەدی بکات، ئەوە بەواتای بێڕێزیکردنە بە هەموو ئاینەکان، کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین بە دانوستان چارەسەردەکرێت، ماوەی سەد ساڵە کێشەی فەلەستین چارەسەرنەکراوە، گەلی فەلەستین بەردەوام لە تێکۆشانی گەورەدا بوون، لە کاتی داگیرکردنی لوبنان لە ساڵی ١٩٨٢ دا کادیرەکانی پەکەکە لە فەلەستین لەدژی داگیرکاریی ئیسرائیل شەڕیان کرد و ١٣ ئەندامی پەکەکە لەو شەڕانەدا شەهیدبوون.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا پەکەکە ڕایگەیاند: چارەنووسی گەلی کورد و گەلی فەلەستین وەک یەکن، دەوڵەتانی ئیسرائیل و تورکیا مافی گەلانی فەلەستینی و کورد پێشێل دەکەن و پێداگرن لە قڕکردن و پیلانگێڕی لە دژیاندا، تورکیا هەموو تەکنیکەکانی بۆ دژایەتی گەلی کورد لە ئیسرائیل  وەردەگرێت، بەم نزیکانە فڕۆکەی جەنگیی ئێف ٣٥ لە ئەمریکا دەکڕێت، ئەوەش ڕاستییەکان ئاشکرادەکات.

پەکەکە لەکۆتاییدا ڕایەگیاندووە: دۆستی هەرە نزیکی گەلی عەرەب و گەلی فەلەستین، گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد واتە پەکەکەیە، تێکۆشانی هاوبەشی گەلانی عەرەب و کورد لە ئازادیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵی گرنگی دەبێت، جارێکی دیکە کۆمەڵکوژیی غەزە شەرمەزاردەکەین و هیوادارین گەلی فەلەستین لەبەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێکدا سەربکەون.