ئاریەن

لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا سلێمان موعینی تیرۆرکرا

ئەمڕۆ ٥٠ ساڵ بەسەر گیان بەختکردنی کەسایەتی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سولەیمانی موعینی دا تێپەر دەبێت, موعینی لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا بەفەرمانی مەلا مستەفا بارزانی گولەباران کرا و پاشان تەرمەکەی ڕادەستی ئێران کرایەوە.

سلێمان موعینی ساڵی ١٩٣٣ لە شاری مەھابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و شارەکانی مەھاباد، تەورێز و تاران قۆناغەکانی خوێندن تەواو دەکات و لە ھەڕەتی گەنجیدا دەبێتە کەسایەتی ناسراوی سیاسی شاری مەھاباد.
لە سەردەمی موحەمەد موسەدقی سەرۆک وەزیرانی ئێران دا لە چالاکی و جوڵانەوەکانی دژ بە حکوومەتی پاشایەتی بەشداری بەرچاوی هەبوو و ساڵی ١٩٥٦ موعینی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بۆ ماوەی ساڵێک زیندانی دەکرێت.

دوای کودەتای ٢٨ ی مورداد و گەڕانەوەی شا، سەرکوتی ئازادیخوازان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێدەکاتەوە، لەو کاتەدا موعینی لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیی شۆڕشگێڕ لەژێر ناوی کۆمیتەی ئینقلانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەستیان بە خەبات کردەوە و سلێمانی موعینی وەک سکرتێری گشتی کۆمیتەی ئینقلاب هەڵبژێردرا.

موعینی مەیدانی چالاکی و خەباتی خۆی لە چیاکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بەگوڕتر دەکات، دوابەدوای پەرەسەندنی شەڕ لە نێوان پیشمەرگە لە باشوور و ڕژێمی عێراق و پتەوبوونی پەیوەندیەکانی نێوان مەلا مستەفا بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی پارتی دیموکرات و شای ئێران، گوشارەکان بۆ سەر شۆڕشگێڕانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن پارتیەوە و لەسەر داخوازی شای ئێران زیاتر دەبێت.

لەو کاتەدا ڕژێمی ئێران، سەرلەشکری سوپا بەناوی ئوەیسی کە یەک لە جینایتکارترین جەنەراڵەکانی ئێران بووە بەمەبەستی سەرکوتکردنی شۆڕش ڕەوانەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەکات.

وەک لە نوسراوە مێژوویەکاندا دەگێڕدرێتەوە، ئوەیسی بەھاوکاری سیخوڕە خۆجێیەکان و ھێزە ھەواڵگرییەکان و چەندین کەس لە ناو ھێزەکانی بارزانیدا، دەستی کرد بە تیرۆرکردنی ڕێبەرانی شۆڕش کە یەک لەوانەش سولەیمان موعینی بوو.

سولەیمان موعینی دوای دەسبەسەرکردنی لەلایەن ھێزەکانی بارزانییەوە، بارزانی داوای لێ دەکات خۆی ڕادەستی ئێران بکاتەوە و واز لە شۆڕش بهێنێت، لە کاتێکدا موعینی ئامادە نابێت خۆی ڕادەستی ئێران بکات ، لە ڕۆژی ١٥ی مانگی گوڵانی ١٩٦٨ دا بەفەرمانی مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ شۆرشگێڕ خەلیل شەوباش، گولەباران دەکرێت و دواتر تەرمی موعینی ڕادەستی ڕژێمی ئێران دەکرێتەوە.

ڕژێمی ئێران بەمەبەستی چاوترساندنی خەڵک، تەرمی سلێمان موعینی بە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دا دەگێڕێت، بەڵام تیرۆرکردنی موعینی توڕەیی و مانگرتنی سەرتاسەری لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لێکەوتووە، پاش ئەوەی تەرمی ناوبراو لەلایەن بنەماڵەی و خەڵکی مەهابادەوە وەردەگیرێتەوە لە گۆڕستانی شارەکە بە خاکی دەسپێرن.

مەسعوود بارزانی لە کتێبی بارزانی و جوڵانەوەی ئازادیخوازانەی کورد دانی بەتیرۆرکردنی موعینی دا ناوە و نووسیویەتی، سولەیمان موعینی بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی جوڵانەوی کورد ھەڵسووکەوتی کرد بۆیە کوشتمان و تەرمەکەیمان ڕادەستی ئێران کردەوە.

شایانی باسە بنەماڵەی موعینی بەردەوامن لە سەر ئامانجەکانی سلێمانی موعینی و لە نێو تەڤگەری شورشگیری گەلی کوردا رۆڵی بەرچاویان هەبوو، لە ئیستادا درێژە بە تێکۆشانی ئازادیخوازی دەدات.