ئاریەن

سه‌زای ته‌مه‌للی بۆ ئه‌ردۆغان: ماڵی خۆت بپێچه‌وه‌، ڕۆژی ٢٤ی حوزه‌یران تۆ ده‌ڕۆی

هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په‌ سه‌زای ته‌مه‌للی به‌ ئه‌ردۆغانی گوت: «ماڵی خۆت بپێچه‌وه‌، ڕۆژی ٢٤ی حوزه‌یران تۆ ده‌ڕۆی.» ته‌مه‌للی ده‌ستنیشانی كرد كه‌ كات كاتی ڕزگاربوونه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی ئێستا.

سه‌زای ته‌مه‌للی هاوسه‌رۆكی گشتیی پارتی دیموكراتی گه‌لان – هه‌ده‌په‌ ئه‌مڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ی فراكسیۆنی پارته‌كه‌ی له‌ په‌رله‌مانی توركیا وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد. سه‌زای ته‌مه‌للی ڕایگه‌یاند، له‌ ٢٤ی حوزه‌یراندا ناهێڵن كه‌ مۆنارشی و فاشیزم خۆی مانه‌وه‌ی خۆی مسۆگه‌ر بكات.

هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په‌ سه‌زای ته‌مه‌للی له‌ میانه‌ی وته‌كه‌یدا به‌ سه‌رۆكی گشتیی ئاكه‌په‌ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان-ی گوت: «ماڵی خۆت بپێچه‌وه‌. چونكه‌ ڕۆژی ٢٤ی حوزه‌یران كۆشك چۆڵ ده‌كه‌ی.»

ته‌مه‌للی هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ كێشه‌كانی وه‌ڵات به‌ هه‌ده‌په‌ چاره‌سه‌ر ده‌بن. گوتیشی: به‌ر له‌ هه‌ر شتێك له‌ ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تیی ١٢ی ئه‌یلوول ڕزگار ده‌بین و پێكه‌وه‌ ده‌ستوورێكی دیموكراتی بونیاد ده‌نێین.

هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په‌ ده‌رباره‌ی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش كاندیدی هه‌ده‌په‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری توركیا ڕایگه‌یاند، ده‌میرتاش بۆ به‌كارهێنانی ئه‌ركه‌كانی سه‌رۆك كۆماری نایه‌ت، به‌ڵكو بۆ گۆڕینی سیسته‌م دێت. له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی: «بۆ گۆڕینی ڕژێم دێت. له‌پێناو كۆمارێكی فره‌لایه‌ن، عه‌لمانی، دیموكراتی و ئاشتی دێت.»

سه‌زای ته‌مه‌للی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به‌هێزه‌وه‌ جێگه‌ی خۆیان له‌ په‌رله‌ماندا بگرن.

«بابه‌تی به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن، ته‌نیا بابه‌تی هه‌ده‌په‌ نییه‌، به‌ڵكو بابه‌تی خودی توركیایه‌. گه‌لانی توركیا، خه‌ڵكی خانه‌نشین، ژن و لاوان هه‌ر وه‌ك چۆن له‌ ٧ی حوزه‌یران و ١ی تشرینی دووه‌م به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردنیان هه‌ڵوه‌شاند، ڕۆژی ٢٤ی حوزه‌یرانیش هه‌ڵیده‌وه‌شێنن. ئه‌و ئاكه‌په‌یه‌ی كه‌ ئێستا ده‌سه‌ڵاتداره‌، سه‌رچاوه‌، ده‌وڵه‌مه‌ندی و سرووشتی ئه‌م وه‌ڵاته‌ تاڵان ده‌كات. كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ ڕزگارمان بێت له‌م ده‌سه‌ڵاتداره‌تییه‌.»

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا، هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په‌ ده‌ستنیشانی كرد كه‌ هه‌تا ٢٤ی حوزه‌یران هه‌فتانه‌ هه‌ر حه‌وت ڕۆژه‌كه‌ و ٢٤ كاتژمێر كار ده‌كه‌ن. گوتیشی: «ئه‌و كاره‌ی كه‌ ٧ی حوزه‌یران به‌ نیوه‌چڵی به‌جێمان هێشت، ئێستا ته‌واوی ده‌كه‌ین. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌مانه‌وێت سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ئازاد بێت. ئێمه‌ خاوه‌نداره‌تی له‌ سندووقه‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین. داوا له‌ گه‌لانی توركیا ده‌كه‌ین كه‌ خاوه‌نداره‌تی له‌ سندووقه‌كان بكه‌ن. له‌مه‌و‌دوا هه‌موو كه‌س خاوه‌نداره‌تی له‌ ده‌نگی خۆی و ئیراده‌ی سیاسیی خۆی ده‌كات.»

ته‌مه‌للی ڕایگه‌یاند، له‌ ئه‌مڕۆوه‌ هه‌تا ٢٤ی حوزه‌یران تێكۆشانی خۆمان ڕۆژ به‌ ڕۆژ گه‌ش ده‌كه‌ین. نابێ له‌ بیری بكه‌ین كه‌؛ ده‌نگێك بۆ ده‌میرتاشه‌، ده‌نگێكیش بۆ هه‌ده‌په‌یه‌.