ئاریەن

بایک: ئاکەپە تێکشکاوە و پەکەکە بووەتە ئومێدى گەلان

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە رایگەیاند، ئەوان ئاکەپەیان لە مردن نزیک کردووەتەوە و وتیشى “پەکەکە بۆ ژنان، گەنجان، گەلان و بیروباوەڕەکانى جیهان بووەتە ئومێدێک”.

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەشدارى بەرنامەى دلستان لە رادیۆى دەنگى وڵات بوو و دوایین دوایین رەوشی تورکیای هەڵسەنگاند.

لە سەرەتای قسەکانیدا، بایک شیکردنەوەى بۆ سیاسەتی پاکتاوکارانەى دەوڵەتى تورکیا کرد و رایگەیاند، رژێمى فاشیستى ئاکەپە – مەهەپە نوێنەرایەتیى هەموو شێواز و تاوانەکانی گروپە فاشیستییەکانى پێشوو دەکەن و وتى “لە تورکیا ژمارەیەکى زۆر دەسەڵاتدار دروستبوون و دەیانویست کورد، هێزە دیموکراتیکەکان پاکتاو بکەن و بیانسڕنەوە. بەڵام کاتێک مرۆڤ لە مێژوو ورد دەبێتەوە ئەوەى بۆ دەردەکەوێت، کە دەسەڵاتدارى هاوشێوەى ئەردۆغان و باخچەلی دروست نەبوون. ئەو دەسەڵاتە سوودی لە دەسەڵاتەکانى سەردەمی تورکییەوە تاوەکو سەردەمی عوسمانییەکان و بە تایبەت سەردەمی ئیتحاد و تەرەقییەکانیانەوە وەرگرتوە. ئەو هەموو شێوازانە بەکار دەهێنن و سوودیشیان لە کەموکوڕییەکانى ئەوان وەرگرتووە. لە ئێستادا بەو شێوەیە دەجوڵێنەوە و ئەوەى ئەوانى تر کردوویانە ئەمان ئەنجامى دەدەنەوە و ئەوەشی بەوانى تر نەکراوە ئەمان جێبەجێى دەدەن. لەبەر ئەوەیە کەسێک نییە، کە وەک ئەوان دوژمنایەتیى کوردی لە رێگەی راگەیاندن، رۆشنبیر، هونەرمەند، ئەکادیمی، گەلان، ئایین و… هتدەوە کردبێت. رێگایان بە کەسى جیا لە خۆیان نەداوە، لە دامەزراوەکانى دەوڵەت، سیستمى بیرۆکراسی و رێکخراوە مەدەنییەکاندا بوونیان هەبێت و کار بکەن. لەبەر ئەوەیە ژمارەیەکى زۆر کەسیان لە هەموو مافەکانیان بێبەش کردووە”.

 

بایک تیشکی خستە سەر هۆکارى زیاترکردنى گوشارەکان بۆ سەر کۆمەڵگەى تورکیا و کوردستانی وتی: “دەیانەوێت بەو کارەیان فاشیزم بە تەواوەتى بچەسپێنن. دەیانەوێت هەموان تەسلیمیان ببن. ئەوەشى خۆى بە دەستەوە نەدات هەموو مافەکانى ژیانى لێ زەوت دەکەن. سیاسەتێکى لەو شێوەیە بەڕێوە دەبەن. لەبەر ئەوەشە تاکو دێت بناغەی بەهێزبوونى دیموکراسی زیاتر دەڕەخسێنن و بەوەش کۆتایى بەخۆیان دەهێنن. سەیربکە بەرگەیان نەگرت لە ٢٠١٩دا هەڵبژاردن بەڕێوەببەن. خۆیان دەڵێن، ئەگەر تاوەکو ٢٠١٩ سەبریان بکردایە، ئەوا تورکیا هەڵدەوەشێتەوە. هەڵوەشانەوەى تورکیا چییە؟ هەڵوەشاندنەوەکە تێکشکاندنى خۆیانە، چونکا دادگایی دەکران و دەرگاى زیندانەکانیان بەڕوودا دەکرایەوە. بۆ ئەوەى ئەوەش روونەدات، وتیان پێویستە بەر لەوانە بگرین. هێشتا هێزى دیموکراسی ئامادە نییە،  بۆیە پێویستە خۆمان رزگار بکەین. لەبەر ئەوەیە مانەوە و نەمانەوەى خۆیان وەک مانەوە و نەمانەوەى تورکیا نیشان دەدەن. دەڵێن، ‘چارەنووسی تورکیا بە ئێمەوە بەستراوەتەوە. ئەگەر ئێمە بڕووخێین، تورکیا دەڕوخێت’. لەسەر ئەو بنەمایە دەیانەوێت کۆمەڵگە بکەنە بارمتەیەک لە دەستى خۆیاندا. دەڵێن مەجبور و ناچارى ئێمەن. ئێمە چى بکەین دەبێت هەموان قبوڵى بکەن. پێویستە لە دەسەڵاتدا بمێنینەوە. ئەگەر ئێمە بشکێین تورکیا نامێنێت. بەو قسانە تورکیا و کۆمەڵگەى تورکیا دەترسێنن و گەل دەکەنە بارمتە”.

 

بایک لەبارەی هەڵوێستى رژێمى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە، بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکان وتی: “هیچ دەسەڵاتێک ئەوەى نەکردووە. بۆچی؟ چونکا لە ناوخۆ و لە دەرەوەش هیچ دۆستێکیان نەماوە. ئەگەر ئێستا راستەوخۆ دژایەتییان نەکەن، بەڵام ئەوەتا ئەوانەى لەگەڵیان بوون، لەگەڵ ئاکەپە بوون، لێیان دوور دەکەونەوە و تاوەکو دێت زیاتر لە دژى سیاسەتەکانى ئەردۆغان دەوەستنەوە. خۆیان دەڵێن، ئێمە لەسەر ئەم بنەمایە و ئەم سیاسەتە ئاکەپەمان دروست نەکرد، ئەمە سیاسەتى مەهەپەیە و ئاکەپە نەماوە. بۆ ئەوەى ئەو کەسانە قسە نەکەن، هەڕەشەیان لێدەکەن. بۆ ئەم هەڵبژاردنە، سەرۆکى فەرماندەى گشتیى سوپاى تورکیایان نارد بۆ ئەوەى هەڕەشە لە عەبدوڵا گیول بکات. هەڕەشە لە هەموو کەس دەکەن، نەک تەنها عەبدوڵا گیول. هەڕەشەشیان لە بولەنت ئارینچ کرد، بەڵام هەندێک کەس هەن، هەر چەند هەڕەشەیان لێبکرێت، هەر بەرەنگاردەبنەوە و خۆڕاگرى دەکەن”.

 

هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە لەبارەی ناسینى ئاکەپە و هۆشیاربوونەوە و گۆڕانکارى لە ناو گەلی کورددا  وتى: “کوردیان دۆڕاند. پێشتر هەندێک کوردیان لەگەڵدا بوو. ئەو کوردانە دەیانوت ‘ئێمە کێشەى کورد چارەسەر دەکەین’، بەڵام ئەوەیان بینی ئەو دوژمنایەتییە بەرامبەر بە هەموو کوردێکە. تەنها لە دژى پەکەکە نییە. لە باکوور و باشوور و رۆژئاوا و هەموو شوێنەکانى تر لە دژى کوردن. لە باکوو شارەکان کاول و تاڵان دەکرێن. لە عەفرین تاڵانکارى دەکەن. لە کەرکوک وتیان ‘با عەقڵتان بێتەوە سەر خۆتان’ و دەستیان بە هەڕەشەکرد. ئەوە کاریگەرییەکى گەورەى لەسەر گەلی کورد دروست کرد. بۆ ئەوەش لێى (لە ئاکەپە) دوور دەکەونەوە. کوردیان دۆڕاند. تورکیایان دۆڕاند و خۆشیان دۆڕاند. مەترسییەکى گەورەیان بۆ سەر خۆیان دروستکرد. تاوەکو دێت لە رووی ئابوورییەوە بەرەو دۆڕان دەڕۆن. گەل برسی و بێکار دەبێت. لە ناو گەلدا ناڕەزایەتیى گەورە لە دژى رژێم هەیە. لە ناو تورکیادا و لە دەرەوەى تورکیا ناڕەزایەتى هەیە. بۆ ئەوەى ئەوە بشارنەوە، هانی نەژادپەرستى و نەتەوەپەرستى دەدەن. ئەوەش بۆ ئەوە دەکەن لە دەسەڵاتدا بمێننەوە. گەل فریو دەدەن، درۆیان بۆ دەکەن بۆ ئەوەى کەس راستییەکانیان نەبینێت. پێشتر هەندێک درۆیان دەکرد و کەمێک ئەنجامیان دەست دەکەوت، بەڵام ئەو دۆخە گەیشتووەتە کۆتایى. درۆ دەکەن و دەبنین کەس فریوى درۆکانیان ناخوات. بۆ ئەوەش تاوەکو دێت ئۆپۆزسیۆن لە دژیان بەهێزتر دەبێت. ئەوەیان بینى ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بن، ئەوا دەڕوخێن، بۆ ئەوەى نەڕوخێن کودەتایان ئەنجامدا. ئێستا کاتى هەڵبژاردن نەبوو، بەڵام وتیان لە ٢ مانگدا هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن. بۆ ئەوەش بەم هەڵبژاردنە دەوترێت هەڵبژاردنى زۆرە ملێ. گەر وایان نەکردیا نەیان دەتوانی تاوەکو ساڵێکى تر لەسەر پێ بوەستن و بەرگە بگرن”.