ئاریەن

کرماشان، بەهۆی خواردنی قارچکەوە ٣ کەس گیانیان لەدەستدا

بە هۆی خواردنی قارچکەوە لە پارێزگای کرماشانی سەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و بەدەیانی تریش ژەهراوی بوون.

ئەکبەر ئازادی بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی ناوەندی فریاکەوتنی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ١٠٧ کەس بەهۆی خواردنی قارچکی ژەهراوی ڕەوانەی نەخوشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانی ئەو پارێزگایە کراون.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو ژمارەیە سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ئەوانیتر چارەسەری پزیشکیان بۆکراوە.

ناوبراو ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە وەرزی بەهاردا ٥٠ جۆر قارچک لە ناوچەکانی پارێزگای کرماشان دەڕوێن کە ئەستەمە ژەهراوی بوون یاخود ژەهراوی نەبوونیان دیاری بکرێت و هەندێک کەس بەبێ گوێپێدان بەو بابەتە لە خواردنەکانیاندا بەکاریان دەهێنن و ژەهراوی دەبن.