ئاریەن

عەبادی داوایکرد ‘ئەنجامی دروستی’ هەڵبژاردنەکان بەخێرایى ئاشکرا بکرێت

سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی داوای لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کرد، کە ‘ئەنجامی دروستی’ هەڵبژاردنەکان ئاشکرا بکات.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، دەربارەی ئەو رووداوانەی کە پاش پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستان و عێراق روویاندا، راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا داوا کراوە، کە ئەو تێکەڵوپێکەڵییەی لە پارێزگای کەرکوک و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە دوای پرۆسەی دەنگداندا روویانداوە، بە خێرایی کۆتایی پێ بهێنن و چارەسەری بە پەلەی ئەو کێشانەش بکەن کە هاتوونەتە ئاراوە.

هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە “پێویستە هێزە ئەمنیەکان کەرکوک و شارەکانى تری هەرێمى کوردستان ئارام بکەنەوە و ئارامى بچەسپێنن”.

دەربارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش، لە راگەیاندراوەکەى نووسینگەی راگەیاندانى سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیدا هاتووە “لەنێوان لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردندا کێشەی جددی روویانداوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو کێشانە گەورەتر نەبن، پێویستە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژرادنەکانی عێراق بە پەلە کارەکانیان ئەنجام بدەن. ئەو سندوقانەی دەنگدان کە گومانیان لەسەرە بە لاوە بنێن و پاشان ‘ئەنجامە راستەقینەکان’ی هەڵبژاردنەکان ئاشکرا بکەن. زۆر گرنگە کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە ئەنجامی راستیی هەڵبژاردنەکان کە جێی باوەڕ بن، بۆ رای گشتی بڵاوبکرێنەوە”.