ئاریەن

شەش حزبی هەرێمی کوردستان ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە

هەریەکە لە بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی، کۆمەڵ، یەکگرتوو، بزووتنەوە و شیوعی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە و داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دەکەن.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەریەکە لە بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی، کۆمەڵ، یەکگرتوو، بزووتنەوە و شیوعی کۆبوونەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ڕایانگەیاند، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە و داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دەکەن لە هەرێم و ناوچە کێشەلەسەرەکان.

هەروەها وتیشیان: لە ھەرێمی کوردستان و لە کەرکوکیش ساختەکاری کراوە، بەڵگەمان لە بەردەستە کە چۆن دەسەڵات بەشێوەیەکی ناشرین ساختەکاری ئەنجامداوە، ھەرگیز قبوڵی ناکەین گاڵتە بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بکرێت.

ئاماژە بۆ ئەوەش کرا: لەئەگەری بەدەمەوە نەھاتنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بەدەم داواکارییەکانمانەوە، ھەنگاوی توند دەگرینەبەر، وەک ڕاوەستاندنی پەیوەندیە دبلۆماسییەکان و جوڵاندنی شەقام.

ڕاشگەیندرا، کە شاندێک دەنێرنە بەغدا بۆ بەدواداچوون بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.

لەلایەکی دیکەوە جوڵانەوەی نەوەی نوێش لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامەکانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، یەکێتى دەیەوێت کورسییەکانى خۆی لە سلێمانی بکات بە ٦ کورسی و نەوەى نوێش بکات بە ٢ کورسی.

ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێتى دەیەوێت دەستکاری ئەنجامەکانى هەڵبژاردن لە قازانجی خۆی بکات و ئەم کارە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبوڵکردن نییە و دەبێت یەکێتی بزانێت بەمە هیچ رێگەیەک ناهێڵێتەوە بۆ خەباتی مەدەنی