ئاریەن

١٨ سەرباز لە ئەنجامی چالاکیی گەریلا کوژران

لە ئەنجامی چالاکییەکانی گەریلاکانی هەپەگە لە جولەمێرگ، سێرت، گابار، شرناخ و لێلکان، ١٨ سەربازی سوپای تورکیا کوژران.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، ئەنجامەکانی چالاکییەکانی گەریلاکانی ئاشکراکرد.

لە ڕاگەیەندراوی هەپەگەدا هاتووە: لە هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی شەهید ئاگری و شەهید پیرۆزدا ڕۆژی ١١ی ئایار کاتژمێر ٠٧:١٠ خولەکی ئێوارە، گەریلاکانمان لە گردی عەلیشێری سەربە گەڤەری جولەمێرگ چالاکییەکیان لەدژی سوپای تورکیا ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا چوار پێگەی سوپای تورکیا تێکشکێندران و ١١ سەربازیش کوژران، لە گردی لێلکانی هەرێمی کوردستانیش لەئەنجامی چالاکییەکی بەقەناسی گەریلاکاندا سەربازێکی سوپای تورکیا کوژرا.

هەپەگە هەروەها ڕایگەیاند: دوێنێ لە ناوچەی بەستای سەربە شرناخ گەریلاکانمان چالاکییەکیان لەدژی سوپای تورکیا ئەنجامدا، لەو چالاکییەشدا سەربازێک کوژرا، هەر دوێنێ لە سنووری دیلوجوی سەربە شارۆچکەی باشانی ئیدیر لەدژی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی سوپای تورکیا چالاکییەک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا سێ سەربازی سوپای تورکیا کوژران.

لە بەردەوامیدا هەپەگە ڕایگەیاندوە: دوێنێ کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە گەریلاکانمان لەدژی چەند کۆنتراگەریلایەک کە لە ئامادەکاریدابوون بۆ دروستکردنی ڕێگایەک بەرەو چیای گابار چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا گەریلاکانمان بلدۆزەرێکیان تێکشکاند و کۆنتراگەریلایەکیش کە لە بلدۆزەرەکەدا بوو کوژرا، هەر دوێنێ کاتژمێر ٠٥:٠٠ لە دەوروبەری سێرت چالاکییەک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەشدا سەربازێکی دیکە کوژرا.