ئاریەن

بەهۆی لافاوەوە لە کۆبانێ ٣٠ خانوو ڕووخان

بەهۆی لافاوەوە لە شاری کۆبانێ-ی هەرێمی فوراتی ڕۆژئاوای کوردستان، ٣٠ خانوو ڕووخان و زیانی ٩٠٪یان بەرکەوت.

دوێنێ لە ئەنجامی باران بارینێکی توند لە کانتۆنی کۆبانێ لافاو هەستا، لافاوەکە زیانی قورسی بۆ سەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان لێکەوتەوە.

شارەوانی گەلی کۆبانێ لە سەرلەبیانیی ئەمڕۆوە دەستیکرد بە سەرژمێری و لێکۆڵینەوە لەبارەی زیانەکانی ئەو لافاوەوە.

فاریس عەتیە، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەلی کۆبانێ لەو بارەیەوە دەڵێت: بڕی ٥٠٠ ملیۆن لیرەی سوری زیان بەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان کەوتووە.

ئاماژەی بەوەشدا، کە گەڕەکی بۆتانی کۆبانێ زیاتر لە شوێنەکانی دیکە زیانی بەرکەوتووە.

ئاشکراشی کرد، کە ٣٠ خانوو لە ئەنجامی لافاوەکەدا ڕووخاون.

جێگای ئاماژەیە، کە پاش لافاوەکە مانگی سوری کوردی دەستی بە هاوکاریکردنی هاوڵاتیان کرد.