ئاریەن

هەپەگە کوژرانی ٢٤ سەربازی تورکیای لە باشور و باکور ڕاگەیاند

لە ئەنجامی چالاکیی گەریلاکانی هەپەگە لە باکور و باشوری کوردستان ٢٤ سەربازی سوپای تورکیا کوژران.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە چالاکیی گەریلاکان لە باکور و باشوری کوردستان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوی هەپەگەدا هاتووە: لە هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی شەهید ئاگری و شەهید پیرۆز لە دژی داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا لە باشوری کوردستان، گەریلاکان لە ڕۆژەکانی ١٠ و ١١ی ئایاردا لە دژی سوپای تورکیا چەند چالاکییەکیان ئەنجامدرا، لەو چالاکییانەدا سێ پێگەی سوپای تورکیا تێکشکێندران و ١٠ سەربازی دوژمنیش کوژران.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوی هەپەگەدا هاتووە: دوێنێ لە گردی خەرەگۆلی سەربە چەلێی جولەمێرگ لە ئەنجامی چالاکییەکی گەریلاکانمان دوو سەربازی سوپای تورکیا کوژران، هەر دوێنێ کاتژمێر ٠٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆ  جارێکی دیکە لە چوار قۆڵەوە لەو شوێنە لە دژی سوپای تورکیا چالاکییەک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەشدا دوو سەربازی سوپاکەی ئەردۆغان کوژران.

لە بەردەوامیدا هەپەگە ڕایگەیاندووە: ڕۆژی ١٠ی ئایار کاتژمێر ٠٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆ لە ناوچەی دەشتانی سەربە چەلێ لە چوار قۆڵەوە چالاکییەک لەدژی سوپای تورکیا ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا دوو پێگەی سوپا تێکشکێندران، هەشت سەرباز کوژران و حەوتی دیکەش برینداربوون.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەر ڕۆژی ١٠ی ئایار سوپای تورکیا لە ناوچەی دەریی بەرۆژی سەربە ڕیسۆی شرناخ ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکرد، گەریلاکانمان لەدژی یەکینەیەکی دوژمندا چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەشدا دوو سەربازی دوژمن کوژران کە یەکێکیان فەرماندەی ئەو یەکینەیە بوو.

ئەوە لە کاتێکدایە کە دوێنێش هەپەگە کوژرانی ٢١ سەربازی سوپای تورکیای لە باشور و باکوری کوردستان ڕاگەیاند، کە ١٩یان لە باشوری کوردستان بوون.