ئاریەن

ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ژنە تێکۆشەری کورد لەیلا قاسمە. لەیلا قاسم ساڵی ١٩٧٤ لەلایەن ڕژیمی بەعسەوە لە بەغدای پایتەختی ئێراق لەسێدارە درا.

ژنە تێکۆشەری کورد لەیلا قاسم ساڵی ١٩٥٢ لە ناوچەی ‘بانمیل’ی سەر بە خانەقینی باشوری کوردستان، لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لەدایک بوو.

ساڵی ١٩٥٨ دەستی بە خوێندن کرد و قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لەو شارە تەواوکرد، ساڵی ١٩٧١ لە زانکۆی بەغدا لە بەشی کۆمەڵناسی درێژەی بە خویندن دا.

لەیلا قاسم هەر لەسەردەمی منداڵییەوە هەستی بە زوڵم و زۆرداریی ڕژیمی داگیرکەری بەعسی عێراق کرد و بیری ئازادیخوازی و تێکۆشان لە مێشکیدا چرۆی کرد.

ساڵی ١٩٧٠ لەناو رێکخستنی ‘یەکێتی قوتابیانی کوردستان’ دەستی بە کار و خەبات کرد و لەناو خوێندکارانی زانکۆی بەغدا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو.

لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٧٠ گەلی کورد لە باشوری کوردستان چووە ناو قۆناغێکی نوێ لە خەبات و لەیلا قاسمیش لەو سەروبەندەدا هاوڕێ لەگەڵ چوارکەسی تر لە هەڤاڵ و هاوبیرەکانی، بڕیاریاندا لەناوشاردا بەشێوەیەکی جیدی دەست بە ڕێکخستن و چالاکیی نهێنی دژ بە ڕژیمی بەعس بکەن.

ساڵی ١٩٧٤ لەیلا قاسم و چوار هەڤاڵەکەی‌تری لە ئەنجامی هەڵمەتێکی هێزەکانی ئیستخبارات و ئاسایشی رژیمی بەعس، لە بەغدا دەستگیرکران.

دادگای ئەوکاتی عێراق تۆمەتی کاری ترۆریستی و تێکدانی ئاسایشی گشتی دایە پاڵ لەیلا قاسم و هەڤاڵانی، بەڵام لەیلا قاسم سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و ئامادە نەبوو تەسلیمی سیاسەتەکانی ڕژیمی بەعس ببێت.

دادگا سزای لەسێدارەدانی بەسەر لەیلا قاسم و هاڤاڵانیدا سەپاند و سەرئەنجام لە ڕۆژی ١٢ی گوڵانی ١٩٧٤ لەشاری بەغدا لەسێدارەدران.

لەیلا قاسم سەرەڕای ئەوەی لەسێدارەدرا، بەڵام بوو بە سیمبولی ئازایەتی لەناو ژنانی کوردستان و گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان هەموو ساڵێک لە ڕۆژی لەسێدارەدانیدا، ڕێز لە یاد و تێکۆشانی دەگرێت.