ئاریەن

٢٦ساڵ بە سەر گیانبەختکردنی هۆنەرمەند مزگین تێپێەڕی

ئەمڕۆ ٢٦مین ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی هونەرمەند و فەرماندەی گەریلا غوربەت ئایدین یانیش ناسراو بە هۆزان مزگینە.

هونەرمەند مزگین ساڵی ١٩٦٢ لە ئێلحی باکوری کوردستان لەدایکبوو، دواتر لە هەموو مەیدانەکانی تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئەوروپا، ناوەندەکانی کلتور و هونەر، خەباتی ژنان و هەرەدواییش لە مەیدانی شەڕی گەرمدا ببوو بە فەرماندەی گەریلا و نمونەی پارتیزانێکی لێهاتوو.

هونەرمەند مزگین دوای کودەتای سەربازی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ لەگەڵ گرووپەکانی سەرەتای تەڤگەری ئاپۆیی دەربازی مەیدانەکانی تێکۆشانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و لوبنان بوو.
لە کاتی پەروەردەی سەربازیدا لە ئاکادیمیای مەعسوم کورک ماز برینداربوو.

لەو ئاکادیمیایە بەشداری پەروەردەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبێت و دواتر بەهۆی تەمەنی بچوکی و تایبەتمەندییەکانی هونەری خۆی، سەرەڕای ئەوەی کە داوادەکات بۆ تێکۆشان بچێتەوە باکوری کوردستان، بەڵام بۆ کاروخەباتی گرووپی بەرخۆدان یان کۆما بەرخۆدان، دەینێرن بۆ ئەوروپا.

هونەرمەند مزگین کە لە بابەتی هونەردا لە خزمەتی شۆڕش و ئازادیدا بناغەیەکی بە‌هێزی دانابوو، ساڵی ١٩٨٦ لە قۆناغی گرینگی تێکۆشانی تەڤگەری ئازادیدا بەشداری خەباتەکانی ٣هەمین کۆنگرە بوو. لە یەکەمین ڕێکخستنی ژنان، دامەزراندنی یەکێتی ژنانی وەڵاتپارێزی کوردستان، لە ئاستی پێشەنگایەتیدا جێی گرت.

بەرەو کۆتاییەکانی سالی ١٩٨٨، مزگین جارێکی‌تر چووە گۆڕەپانی لوبنان و ساڵی ١٩٨٩ ئیدی ڕوو لە مەیدانی گەرمی تێکۆشان و باکوری کوردستان کە شەڕێکی گەرمی گەریلایی تێدا لەئارادایە، دەکاتەوە.

گەریلا مزگین کە لە کاتێکی کەمدا بە ڕەنج و تێکۆشانی هێژای خۆی لەدڵی گەل و هەڤاڵانیدا جێیەکی تایبەت دەکاتەوە، وەکوو یەکەمین فەرماندەی ئیالەتی ژن لە مێژووی تەڤگەری ئازادیدا دەربازی گۆڕەپانی مێردین دەبێت.

فەرماندە مزگین کە لەو کاتەدا وەکوو فەرماندەیەکی ژن هەم لەناو گەریلادا و هەمیش لەناو گەلدا دەنگی دایەوە، ساڵی ١٩٩٠ وەکوو بەرپرسیاری ئیالەتی مێردین بەشداری ٤هەمین کۆنگرەی پەکەکە بوو.

هونەرمەند و فەرماندەی گەریلا مزگین، دوای کۆنگرە ساڵی ١٩٩١ جارێکی‌تر ڕووی لە ئیالەتی خەرزان کرد و ١٢ی گوڵانی ساڵی ١٩٩٢ لە ناوچەی بەدلیسی تاتوان، بۆ ئەوەی بە ساغی نەکەوێتە دەست دوژمن، بە بۆمبەکەی خۆی دەتەقێنێتەوە و بەشداری کاروانی نەمرانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان دەبێت