ئاریەن

ئاتیک: دەنگەکانمان بۆ هەدەپە و دەمیرتاشە

فیدراسیۆنى کرێکارانی تورکیا لە ئەوروپا (ئاتیک – ATÎK) رایگەیاند، لە هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ بە شێوەیەکى چالاکانە کار بۆ هەدەپە و دەمیرتاش دەکەن.

فیدراسیۆنى کرێکارانی تورکیا لە ئەوروپا (ئاتیک – ATÎK) داوایکرد، تێکۆشانى هاوبەش بۆ سەرخستنى هەدەپە بەڕێوەببرێت و لەو بارەیەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى ئاتیک دا هاتووە “بە خوڵقاندنى تێکۆشانێکى هاوبەش لە نێوان کرێکاران و زەحمەتکێشانی تورکیا لە ئەوروپا، زیانێکى قورس بەر کۆمارى تورکیاى فاشیست دەکەوێت”.

ئاماژە بەوەشکراوە، کارى سیاسی و تێکۆشانى هاوبەش لە بلۆک و بەرەکەى هەدەپەدا دروستبووە و ئەوەش بۆ ئاتیک زۆرگرنگە و دەشبتێت لە پیناو ئەوەى “قەیران لە ناو حزبی رانتخۆر، زۆردار و نەتەوەپەرستدا قوڵتر و قورستر بکرێتەوە، ئەوا ئەرکی کارى سیاسیمان ئەوە دەبێت کە پشتیوانى لە هەدەپە و پاڵێوراوەکەیان سەڵاحەدین دەمیرتاش بکەین”.

ئاتیک لە کۆتایى راگەیاندراوەکەیدا ئەوەشى خستەڕوو، بەشێوەیەکى چالاکانە بەشدارى لە هەڵمەتەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگداندا دەکەن بۆ ئەوەى یارمەتیدەر بن بۆ سەرخستنى هەدەپە و دەمیرتاش.