ئاریەن

رێبەری ناڕازییانی ئەرمەنستان بووە سەرۆک وەزیران

نیکۆل پاشینیان، رێبەری ناڕازییانی ئەرمەنستان وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی نەتەوەیی ئەرمەنستان بە ٥٩ دەنگی بەڵێ و ٤٢ دەنگی نەخێر، نیکۆل پاشنیانیانی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی حکومەتی ئەرمەنستان هەڵبژارد.

لە کاتی دانیشتنی ئەنجومەنی نەتەوەییدا هەزاران هاوڵاتیی ئەرمەنستان لە سەر شەقامەکان بوون و پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی دەنگدانەکە ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا.

پاشینیان پێش دەنگدانەکە وتبووی، کە گەندەڵی لە وڵاتدا بنبڕ دەکات و ڕێگری دەکات لەوەی کە لە هیچ هەڵبژاردنێکدا تەزویر بکرێت.

هەروەها ئاماژەی بە دانی دەرفەتی یەکسان بە ژنان لە کۆمەڵگادا دابوو و وتبووی، کە دەبێت رێژەی ژنانی بەشدار لە حکومەتدا زیاد بکەن.

جێگای ئاماژەیە، کە پاشینیان، ڕێبەری ناڕەزاییەکانی ئەرمەنستان بوو، بەهۆی ئەو بزوتنەوەیەی ئەو سازی کرد سێرژ سرکیسیان، سەرۆک کۆماری پێشو دەستی لەکار کێشایەوە.