ئاریەن

ترەمپ رێکەوتنە ئەتۆمیەکەی “بەرجام” لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندەوە

کەمێک پێش ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وتەیەکدا لە کۆشکی سپی، رێکەوتنە ئەتۆمیەکەی “بەرجام” لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندەوە و کشانەوەی وڵاتەکەی لەو رێککەوتنە راگەیاند.

ترەمپ رایگەیاند، بەڵێنی رژێمی ئێران لە رێککەوتنی ئەتۆمی درۆ بوو و ئەو رێکەوتنە بووە هۆی ئەوەی رژێمێکی خوێنڕێز بە ئارامی پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات.

لە بەردەوامی وتەکانیدا لە کۆشکی سپی دۆناڵد ترەمپ، ئاماژەی بەوەشکرد توندترین سزا بەسەر حکومەتی ئێراندا دەسەپێنن.

هەروەها وتی، پێویستە هەڵسوکەوتە “پیسەکان”ی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕابگیرێت.

وتیشی ئەگەر من رێگە بەبەردەوامیی ئەو رێککەوتنە بدەم، رێگە بۆ رکابەریی ئەتۆمی لە ناوچەکە دەکرێتەوە.

ترەمپ ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد، کە کار دەکەن بۆ لە ناو بردنی هەڕەشەکانی ئێران لە رێگای موشەکی بالستیک و پشتیوانی لە تێرۆریزم و هەوڵدانی بۆ ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.

وتیشی کار دەکەن بۆ گەرانەوەی سزا توندەکان بەسەر ئێراندا ئەگەر واز لە بەرنامە ئەتۆمیەکانی نەهێنێت و ئێران ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەکەینەوە.

هەر لەو وتارەدا ترەمپ پەیامێکیشی نارد بۆ  هاوڵاتیان لە ئێران و ڕاگەیاند، ئاگاداری ئەو دۆخەین کە ٤٠ ساڵە هاوڵاتیان تێدا دەژین، وتی خەڵکی ئێران خاون مێژوویەکی دێرینن و شایستەی ئەوەن خەونەکانیان کە بریتیە لە ژیانێکی ئارام و شایستە بەدی بێت.