ئاریەن

لە ئێران تەلگرام قەدەغەکرا

دادگای کلتور و ڕاگەیاندنی ئێران بڕیاری قەدەغەبوونی ماڵپەڕ و ئەپلیکەیشنی تەلگرامی بە هەموو دامودەزگاکانی تۆڕەکانی پەیوەندیی ئێران ڕاگەیاندووە و ئەوانیش ئەرکردارن لە ئەمڕۆوە ئەو بڕیارە جێبەجێبکەن.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی دەزگای دادی ئێران، تەلگرام بە هۆی “ناکۆکی دروستکردن لە یەکێتی نەتەوەیی” و هەروەها “پێکهێنانی دژایەتیی لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگا”دا فیلتەردەکرێت و لەمەودوا بەکارهێنانی تەلگرام بەدواداچوونەوەی یاسایی بۆ دەکرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە، کە پێشتر و لە ساڵی ٢٠٠٩دا پاش خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکانی گەلانی ئێران لە دژی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن، دەزگای دادی ئێران تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبوک و یوتیوبی فیلتەرکرد.

هەروەها پاش خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی سەرەتای ئەمساڵیش، تەلگرام وەک ئامێرێک بۆ ڕێکخستنی ناڕەزاییەکان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە ناسرا و دوابەدوای ئەو هەوڵەکان بۆ فیلتەرکردنی دەستیپێکرد.

سەرئەنجام، پاشنیوەڕۆی دوێنێ قەدەغەبوونی تەلگرام بە فەرمیی ڕاگەیەندرا و فیلتەرکردنی ماڵپەڕ و ئەپلیکەیشنەکەی دەستیپێکرد.