ئاریەن

کەژاڵ ئیبراهیم ژنە شاعیری دیاری کورد کۆچی دواییکرد

شەوی ڕابردوو ژنە شاعیری کورد، کەژاڵ ئیبراهیم خدر، بە هۆی جەڵتەی دەماخەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کەژاڵ ئیبراهیم لە ساڵی ١٩٦٨لە شارۆچکەیەکی قەڵادزی سەر بە ئیدارەی راپەڕین لە دایکبووە لە سەرەتای ساڵی نەوەدەکان لە گەڵ هاوسەرەکەی بە هۆی کاری ڕۆژنامەگەرییەوە ڕوو لە شاری سلێمانی دەکات، هەروەها لە ئامادەیی پیشەسازی سلێمانی فەرمانبەر بووە و دایکی سێ منداڵە بە ناوەکانی نامری، داری و داریاس.

کەژاڵ لە ساڵی ١٩٨٧ دەستی بە نووسینی شیعرکرودە، سەرەتا بە نووسینەوەی شعری منداڵان هەنگاوی ناوە و دواتر وەک شاعیرێکی دیار دەرکەوتووە.

کەژاڵی شاعیرخاوەنی ١٤ نامیلکەی شعرییە و لە بەر گرنگی زۆرێک لە ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی، بۆ سەر زمانەکانی عەرەبی و فارسی وەرگێڕدراوە،کە ١٥ هۆنراوەی بۆ فارسی و زیاتر لە ١٢٠ هۆنراوەی کراوە بە زمانی عەرەبی و لێکۆڵینەوەیان لە سەر نووسراوەتەوە، بە تایبەت لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی میسر، لوبنان، عێراق، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و لە ئێرانیش بایەخی تایبەتی پێدراوە.

کەژاڵ ئیبراهیم، خزمەتیکی زۆری بە شیعر و ئەدەبیاتی کوردی کردووە، هاوکات ئەندامی دەستەی نووسەرانی کورد بووە،بەتایبەت کە توانییویەتی سەرجەم کلتور و ڕەگەزەکانی پیاوسالاریی ببڕێت.