ئاریەن

ژنانی یارسان له‌ زیندانه‌كانی ئێران ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێن

ده‌یان ژنی یارسانی كه‌ له‌ زیندانه‌كانی ئێراندان، ڕووبه‌ڕووی ئه‌شكه‌نجه‌ و ده‌ستدرێژیی جۆراوجۆر ده‌بنه‌وه‌. یه‌كێك له‌و ژنه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ دراوەکان‌ شوكوفه‌ یه‌دوڵاهی-یه‌ و پێویستی به‌ چارەسەرییە

له‌ كاتی ده‌ستگیركردنیدا، گورزێكی توند به‌ر سه‌ری یه‌دوڵاهی كه‌وتووه‌ و ئێسكه‌كانی قه‌فه‌زی سنگیشی شكاون. هه‌روه‌ها له‌ دوای ده‌ستگیركردنی، له‌ زینداندا به‌توندی ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ باری ته‌ندرووستی تێكچووه‌ و پێویستی به‌ چاره‌سه‌ری پزیشكی هه‌یه‌.

ڕێكخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ٢٩ی مارس لێدوانی دابوو و داوای له‌ كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كردبوو كه‌ ١١ ژنی یارسانی كه‌ ده‌ستگیركراون، ئازاد بكات. ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ گیراون له‌ كه‌مینه‌ی ده‌روێش-ی سه‌ر به‌ ته‌ریقه‌تی گۆنئابادی-ن. ئه‌و ژنانه‌ له‌ هه‌لومه‌رجێكی سه‌ختدان و ڕێگه‌یان پێنادرێت پارێزه‌ر بگرن.

١٩ی شوبات، هێزه‌ئه‌منییه‌كانی ئێران لایه‌نی كه‌م ٦٠ ژنیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی گۆنئابادی به‌ ئه‌شكه‌نجه‌ و لێدان ده‌ستگیركرد. هۆكاری ده‌ستگیركردنی ئه‌و ژنانه‌، به‌شداربوونیان بوو له‌ خۆپیشاندانێكی تارانی پایته‌ختی ئێران. به‌هۆی هێرشی هێزه‌ئه‌منییه‌كانی ده‌وڵه‌ت، له‌نێوان ئه‌و هێزانه‌ و ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌ی گۆنئابادی شه‌ڕ ڕوویدابوو.

به‌پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌و ژنانه‌ له‌ دوای ده‌ستگیركردنیان بردراونه‌ته‌ ناوه‌ندی ڤۆزارا و له‌وێ به‌شێوه‌یه‌كی نه‌شیاو لێپرسینه‌وه‌یان و سوكایه‌تییان به‌رانبه‌ر كراوه‌. دواتریش كاربه‌ده‌ستان له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێردا ١٠ ژنیان بۆ به‌ندیخانه‌ی شه‌هری ره‌ی نزیك تاران گواستۆته‌وه‌ و ئه‌وانی دیكه‌شیان ئازاد كردوون.

ئه‌و ژنه‌یارسانییانه‌ی كه‌ له‌و به‌ندیخانه‌یه‌ ده‌ستگیركراون، بریتین له‌: شوكوفه‌ یه‌دوڵاهی، سپێده‌ موورادی، مه‌ریه‌م فاریسانی، نازیلا نووری، سیما ئه‌نته‌ساری، شه‌یما ئه‌نته‌سه‌ری، شه‌هناز كیئانی، مه‌ریه‌م باراكوهی، ئیلهام ئه‌حمه‌دی و ئاڤیشا جه‌لاله‌دین.

له‌ دوای چه‌ند ڕۆژێك ژنێكی دیكه‌ به‌ ناوی سه‌دیگه سه‌فابه‌خت خراوه‌ته‌ نێو ئه‌و زیندانیانه‌ كه‌ پێشتر له‌ به‌ندیخانه‌ی ئه‌وین-ی تاران به‌ند كرابوو. به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی تا نیوی شه‌و لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ ده‌كرێت، هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كرێت و سوكایه‌تییان پێده‌كرێت.