ئاریەن

١٢ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ پشتگیریی مانگرتنەکانی ڕۆژهەڵات دەکەن

١٢ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کورد، عەرەب و بەلوچ ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بۆ پشتگیریکردنی مانگرتنی کاسبکاران و دووکاندارانی شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ هەشتەمین ڕۆژی مانگرتن لە کارکردنی دووکانداران و کاسبکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لەدژی داختسنی سنوورە کۆڵبەرییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی باج و گومرک و ١٢ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ-یش بە کورد و عەرەب بەلوچ-ەوە بە ڕاگەیەندراوێک پشتگیریی ئەو مانگرتنە گشتییەیان کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا سەرچاوە داهاتی خەڵکی کوردستانە و داخستنی ئە سنوورانە نانی خەڵکی بڕیوە.

هەروەها، ڕاگەیەندراوە، کە هەموو حکومەتێک بەرپرسە بۆ دابینکردنی سەرچاوە داهاتییەکانی هاوڵاتیانی، بەڵام حکومەتی ئێران تەنیا جیاکاری ئەنجام دەدات.

ئەو ڕێکخراوانەی ئەو ڕاگەیەندراوەیان واژۆکردووە بریتین لە: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕێکخراوی کوردوساید (چاک)، ناوەندی زاگرۆس، ناوەندی دۆستایەتی کورد-سویسرا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز، چاودێڕی مافی مرۆڤی ئەهواز، کەمپەینی چالاکوانانی بەلوچ، گروپی مافی مرۆڤی بەلوچستان، ڕێکخراوی پرۆژەی دیموکراتیی کوردستان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی مرۆڤایەتی، ڕێکخراوی هەنگاو، ڕێکخراویی خەڵکیی کرمانج.

جێگای ئاماژەیە، کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆش ئەنجومەنی مامۆستایانی ئاینی مەریوان و هەورامان ڕاگەیەندراوێکیان بۆ پشتگیریکردنی مانگرتنە گشتییەکە بڵاوکردەوە.