ئاریەن

پۆلیسی ئێران لە سەر شەقام دوو ژن ئەشکەنجە دەدا.. بە ڤیدیۆ

لە شەوی ڕابردووەوە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە ئێران بڵاودەبێتەوە و کاردانەوە و تووڕەیی ڕایگشتیی ئێرانی بەدواوە بووە، لەو ڤیدیۆیەدا پۆلیسێک لە سەر شەقامێکی تارانی پایتەخت دوو ژن ئەشکەنجە دەدات.

ڕووداوەکە تایبەتە بە دوێنێ و ڤیدیۆکەشی لە شەوی ڕابردووەوە دەیان هەزار جار بڵاوکراوەتەوە، لە ڤیدیۆکەدا دوو ژن دەردەکەون کە قبوڵی ناکەن پۆلیس بەهۆی سەرپۆشەکەیانەوە دەستگیریان بکات، پاشان پۆلیس هێرش دەکاتە سەریان و ئەشکەنجەیان دەدا و بە زۆرەملی و ڕاکێش ڕاکێش دەیانبات.

توندوتیژییەکانی پۆلیسی ئێران پاش بڵاوبوونەوەی جووڵانەوەی لابردنی سەرپۆش لە سەر شەقامەکاندا، لە سەر فتوای مامۆستایانی ئاینی شیعە لە حەوزەی علمییەی قوم، لە دژی ژناندا زیاتری کردووە.

ڕایگشتی ئێرانی لە ئاست ئەو هێڕشەی پۆلیس بۆ سەر ژنان تووڕەیەوە و کردەوەی پۆلیس شەرمەزاردەکات.