ئاریەن

هه‌په‌گه‌ کوژرانى ١٦ سه‌ربازى سوپای تورکیای ڕاگه‌یاند، ١٤یان له‌ناو باشورن

ناوه‌ندى ڕاگه‌یاندنى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل-هه‌په‌گه‌ کوژرانى ١٦ سه‌ربازى سوپاى تورکیاى ڕاگه‌یاند، که‌ ١٤ له‌و سه‌ربازانه‌ له‌ناو سنورى باشورى کوردستان کوژراون.

که‌مێک پێش ئێستا ناوه‌ندى ڕاگه‌یاندنى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل-هه‌په‌گه‌ له‌ باره‌ى چالاکى گه‌ریلاکانه‌وه‌ له‌ باشور و باکورى کوردستان ڕاگه‌یه‌ندراوێکى بڵاوکرده‌وه‌.

هه‌په‌گه‌ له‌ لێدوانه‌که‌دا ڕایگه‌یاندوه‌: ڕۆژى ١٣ى نیسان له‌ گردى کۆڤه‌رتێ له‌ ناوچه‌ى لیلکان له‌ باشورى کوردستان، هێزه‌کانى گه‌ریلا له‌ دژى سوپاى داگیرکه‌ری تورکیا دوو چالاکیان ئه‌نجامدا، له‌ ئه‌نجامى هه‌ردوو چالاکیه‌که‌دا هه‌شت سه‌ربازى سوپاى تورکیا کوژران و دوانى دیکه‌ش بریندار بوون.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش کراوه‌، ڕۆژى ١٥ى نیسان، واتا دوێنێ هه‌ر له‌ لیلکان، گه‌ریلاکان له‌ بنکه‌یه‌کى سوپاى تورکیایان داوه‌ و بنکه‌که‌ به‌ ته‌واوى ڕوخێنراوه‌ و شه‌ش سه‌ربازیش له‌وێدا کوژراون.

له‌ لێدوانه‌که‌ى هه‌په‌گه‌دا باسى ئه‌وه‌ش کراوه‌: ڕۆژى ١٣ى نیسان له‌ سنورى سێرت له‌ باکورى کوردستان هێزه‌کانى گه‌ریلا چالاکیان ئه‌نجامدا و به‌هۆیه‌وه‌ سه‌ربازێک کوژرا، هه‌روه‌ها له‌ سنورى باتمان-یش ئه‌فسه‌رێک کوژراوه‌.

هه‌په‌گه‌ ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاندوه‌: ڕۆژى ٢٣ى ئازار دواى ئه‌وه‌ى له‌ به‌رزاییه‌کانى سنورى باتمان سوپاى تورکیا له‌ به‌رامبه‌ر گه‌ریلا شکستى هێنا، چه‌کى کیمیایى به‌کارهێنا و له‌ ئه‌نجامدا دوو گه‌ریلا شه‌هید بوون.