ئاریەن

سەرۆک شارەوانیى جنێڤ داواى بایکۆتکردنى کەرتى گەشتیاریى تورکیا دەکات

رێمى پەگەنى سەرۆک شارەوانیى جنێڤ وتى “بۆ گەشت و پشوو نەچن بۆ تورکیا بۆ ئەوەى نەبنە پارچەیەک لە هاوبەشیکردنى شەڕ”. داواشى لە گەلانى ئەوروپا و سویسرا کرد، کەرتى گەشتیاریى تورکیا بایکۆت بکەن.

رێمى پەگەنى سەرۆک شارەوانیى شارى جنێڤی سویسرا پشتوانى لە کەمپەینى بایکۆتکردنى کەرتى گەشتیاریى تورکیا دەکات. پەگەنی رایگەیاند، رژێمى ئەردۆغانی دیکتاتۆر رۆژ بە رۆژ خۆى بەهێز دەکات، بۆیە کاریگەرترین ڕێگا بۆ پێشگرتن لە رژێمەکەى ئەردۆغان بایکۆتکردنى کەرتى گەشتیاریى تورکیایە. پەگەنى داواى لە گەلانى ئەوروپا و سویسرا کرد کەرتى گەشتیاریى تورکیا بایکۆت بکەن.

“نابێت بەرامبەر بە شەڕی دژ بە کورد بێدەنگ بین”

پەگەنی وتى “تورکیا لە سەرکوتکاری و شەڕ لە ناوخۆى وڵاتەکەى تێر نابێت و ئێستاش لە دەرەوەى سنوورەکانى شەڕ لە دژى کورد دەکات. نابێت لە بەرامبەر ئەو شەڕەدا بێدەنگ بین. جێگەى نیگەرانییە، کە تا ئێستا هیچ سزایەکی ئابوورى بەسەر تورکیادا نەسەپێنراوە”.

پەگەنی دەستنیشانیکرد “لەگەل ئەوەی نەسەپاندنى سزاى ئابوورى بەسەر تورکیادا جێگاى پەسەند نییە، بە ناوى  پەنابەرانیشەوە هاوکاری دەکرێت. من ئەو دۆخە زۆر بە قێزەون و ترسناک دەزانم”.

“دەبێت کەرتى گەشتیاریى تورکیا بایکۆت بکرێت”

پەگەنی ئەوەى خستەڕوو “پێویستە بۆ پێشگرتن لە بەهێزبوونى رژێمەکەى ئەردۆغان کەرتى گەشتیاریى تورک بایکۆت بکرێت. دەبێت سیاسییەکان و شارەوانییەکانى ئەوروپا، کار بۆ ئەوە بکەن هاووڵاتییان کەرتى گەشتیاریى تورکیا بایکۆت بکەن و بۆ ئەوەش راگەیاندراو بڵاوبکەنەوە و هاووڵاتیان هۆشیار بکەنەوە”.

پەگەنی ئەوەى بە بیرهێنایەوە “پێشتر گەلانى ئەوروپا کەرتى گەشتیاریى ئیسرائیل-یان بایکۆت کردبوو. ئەو هەڵوێستەى لەو کاتە دا لە دژى ئیسرائیل نیشاندرا ئەرێنى بوو و کاریگەریى خۆى دروستکرد. پێویستە ئەمڕۆش هەمان شێواز و بە هەمان بڕواوەوە، کەرتى گەشتیاریى تورکیا بایکۆت بکرێت. دەبێت گەلانى ئەوروپا چاوەڕوانى حکومەتەکانیان نەکەن و خۆیان راستەوخۆ سزاى ئابوورى بەسەر تورکیادا بسەپێنن، چونکە پێویستە ئێستا گەل بۆخۆی و راستەوخۆ دەوڵەتى تورک بایکۆت بکات. گرنگە لە گەشت و پشووشدا شوێنگرەوەى تر بدۆزنەوە بۆ ئەوەى نەبنە یارمەتیدەر بۆ ئابووریى تورکیا”.

“گەشت بۆ تورکیا بە ماناى پشتیوانیکردنە لە شەڕ”

پەگەنی وتیشى “داوا لە هاووڵاتیانى سویسرا و ئەوروپا دەکەم نەچن بۆ تورکیا. نابێت ئەوەیان لە بیر بچێت، کە هەر گەشت و سەردانێکیان بۆ تورکیا دەبێتە یارمەتیدەر بۆ ئابووریى تورکیا. ئەوەش بە ماناى ئەوە دەێت کە هاوکاریى تورکیا دەکەن لە شەڕی دژ بە کورد دا. یارمەتیدانى ئابووریى ئەردۆغان هەم بە مانای بەهێزکردنى رژێمەکەى ئەردۆغان وهەم بە ماناى پشتیوانیکردنى نێودەوڵەتییە لە هێرشى تورکیا لە دژى کورد لە رۆژئاڤا”.