ئاریەن

سوپاى تورکیا له‌ عه‌فرین به‌رده‌وامه‌ له‌ ڕفاندنى هاوڵاتیان

چه‌ته‌کان و سه‌ربازانى ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌ عه‌فرین، دوو هاوڵاتی به‌ ته‌مه‌نیان ئه‌شکه‌نجه‌دا و چوار هاوڵاتی دیکه‌شیان به‌ره‌و شوێنێکی نادیار ڕفاند.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێک که‌ ئه‌مڕۆ ئاژانسی هاوار بڵاوی کردوه‌ته‌وه‌، چه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌ ڕاجۆ و گوندی ئه‌لحه‌جه‌ربه‌کری گرێدراو به‌ ناوچه‌ی مابات له‌ سنورى عه‌فرین ده‌ستیان به‌ ڕفاندن و ئه‌شکه‌نجه‌دانی که‌سانی مه‌ده‌نی کردووه‌.

سوپاى تورکیا دوو هاوڵاتی به‌ ناوی حه‌سه‌ن حاجی شێخۆ ٥٥ ساڵان و کۆلین بیلال ٨٥ ساڵان خه‌ڵکی هه‌رێمی ڕاجۆ سه‌ر به‌ عه‌فرین-یان ڕفاندوه‌ و پاشان تا بوراونه‌ته‌وه‌ ئه‌شکه‌نجه‌یان داون، هاوکات دوو برا به‌ناوی ئایات ئه‌حمه‌د و ماهیر ئه‌حمه‌د له‌ گوندی ئه‌لحه‌جه‌ر له‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژی ڕابردوودا ڕفێندراون و تا ئێستاش چاره‌نووسیان نادیاره‌.

هه‌روه‌ها دوو گه‌نجی دیکه‌، که‌ خه‌ڵکی گه‌ندی شه‌نگێلێ هه‌رێمی ڕاجۆن له‌ لایه‌ن چه‌ته‌کانی ئه‌لفه‌یله‌ق ڕه‌حمان، ڕفێندران و چاره‌نووسیان دیار نییه‌.

سوپاى تورکیا و چه‌ته‌کانى سه‌ربه‌ تورکیا ڕۆژانه‌ هاوڵاتیانى مه‌ده‌نى ده‌ڕفێنن و ئه‌شکه‌نجه‌یان ده‌ده‌ن و عه‌فرینیان کردوه‌ته‌ دۆزه‌خێک بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى تێیدا ماونه‌ته‌وه‌.