ئاریەن

یەکێتی ئەوروپا: کێشەی کورد یەکێک لە گرنگرتین پرسەکانی تورکیایە

یەکێتی ئەوروپا ڕایدەگەیەنێت، کە کێشەی کورد یەکێکە لە گرنگرتین پرسەکانی تورکیا، هۆشداریشی داوەتە ئەنقەرە، کە بەشێوەیەکی “سنووردار” بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە بجوڵێتەوە.

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، یەکێتی ئەوروپا ڕاپۆرتێک لەبارەی ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتییەکە بڵاوبکاتەوە، هەفتەنامەی وەڵت ئام سۆنتاگی ئەڵمانیش، پێشوەخت کورتەیەکی لە بارەی ئەو ڕاپۆرتەوە بڵاوکردووەتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: هیچ بنەمایەک لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی دانووستانەکان بۆ بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا بەردەوامیان پێبدرێت.

هەر بەپێی هەفتەنامەکە، وابڕیارە لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش بخرێتەڕوو، کە حکومەتی ئەنقەرە دادگەریی، سەروەریی یاسا، مافە سەرەکییەکان و ئازادیی ڕادربڕین پێشێل دەکات، ئاشکراشکراوە، کە لە تورکیادا زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس زیندانیکراون و زیاتر لە ١١٠ هەزار کارمەندیش لە کار دوور خراونەتەوە، ئەوانەش هەموویان لە دژی بنەماکانی ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپادان.

هەفتەنامەکە ڕاشیگەیاندووە، کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش دەکرێت، کە کێشەی کورد یەکێکە لە گرنگترین پرسەکانی تورکیا و پێویستە حکومەتی ئەنقەرە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی پەکەکە بەشێوەیەکی سنووردار بجووڵێتەوە