ئاریەن

٣ ئەندامی باڵای میت لە لایەن گەریلاوە کوژران

دەربارەی چالاکی گەریلاکان، هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی نۆ سەربازی تورکیا و سێ ئەندامی باڵای میتی لە شەڕەکانی سنووری سێرت، لێلیکان، گەڤەر و چەلێ ڕاگەیاند.

دەربارەی دواین دۆخی شەڕ لە سنوورەکانی سێرت، گەڤەر و چەلێ لە باکوری کوردستان، و لێلیکان لە سنووری باشوری کوردستان، کەمێک لەمەوبەر ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

هەپەگە ڕایگەیاند:”لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی شەهید دەلیلا و شەهید بەستا،  لە چالاکییەکی گەریلاکاندا لە ٢٣ی مانگی ڕابردوو لە سێرت، ئۆتۆمبێلێکی میتی تورکیا کراوەتە ئامانج، لە ئەنجامی چالاکییەکەدا ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕاوە و تێیدا سێ ئەندامی باڵای میت کوژراون، هەروەها دەست بەسەر چەندین جۆر چەک و تەقەمەنییاندا گیراوە، لە ئەنجامی ئەو چالاکییەشدا، دوو هەڤاڵمان شەهیدبوون”.

هەپەگە ڕاشیگەیاند: ئێوارەی دوێنی ١٤ی بنیسان،  لە لێلیکان ی سەربە باشوری کوردستان، گەریلاکانمان لە چالاکییەکدا گورزێکی کوشندەیان لە سوپای تورکیا وەشاندووە و لە ئەنجامی چالاکییەکەدا پێنج سەربازی تورکیا کوژراون.

دەربارەی چالاکی گەریلاکان لە سنووری گەڤەر، هەپەگە ڕایگەیاند: پێش نێوەڕۆی دوێنێ گەریلاکانمان لەگردی عەلی شێر دژی سوپای تورکیا چالاکییان ئەنجام داوە، تێیدا چەندین سەربازی تورک کوژراون و برینداربوون، بەڵام ژمارەیان ئاشکرانەبووە.

هەپەگە ڕاشیگەیاندووە: لە ٣٠ی مانگی ڕابردوودا، گەریلاکان ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی سوپای تورکیان کردووەتە ئامانج و تێکیانشکاندووە، ئەوەی ئاشکرابووە چوار سەربازی تورکیا لەو چالاکییەدا کوژراون.

هەپەگە چالاکییەکی دیکەی گەریلاکانی لە سنووری چەلێ ئاشکرا کردووەو ئاماژەی بەوەکردووە، “چەندین سەرباز کوژراون و برینداربوون، بەڵام ژمارەکەیان ئاشکرا نەبووە”.