ئاریەن

شەڕ لەنێوان ئەفغانستان و پاکستان ڕوویدا

لە پارێزگای خوستی سەر سنووری ئەفغانستان و پاکستاندا، شەڕێک لە نێوان هێزە ئەفغان و پاکستانییەکاندا ڕوویدا، ڕاگەیەندراوە، کە چوار سەربازی پاکستانی کوژراون.

بەگوێڕەی هەواڵێکی بی بی سی، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، هێزەکانی سوپای پاکستان، سنوورەکانی ئەفغانستانیان بەزاندووە و پاشان لە شارۆچکەی حاجی مەیدانی سەر بە پارێزگای خوست، شەڕێک لە نێوان سوپاکانی ئەفغانستان و پاکستاندا ڕوویداوە.

بەڕێوبەرانی پارێزگای خوست بە بی بی سی-یان ڕاگەیاندووە، کە شەڕەکە لە کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەدا بەردەوامی هەیە، دەنگی تەقە دەبیسترێت.

لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەکانی پۆلیسی پارێزگای خوستیش ڕایانگەیاندوە، کە چوار سەربازی سوپای پاکستان تا ئێستا لەو شەڕ و تێکهەلچوونانەدا کوژراون، بەڵام ئەو ئامارە لەلایەن سوپای پاکستانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.