ئاریەن

دووکاندارانی بانە و جوانڕۆ دووکانیان داخست و سفرەی بەتاڵیان ڕاخست

دووکاندارەکانی شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە و جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دووکانەکانیان داخست و سفرەی بەتاڵیان ڕاخست، ئەوەش بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە بڕیارەکانی حکومەتی ئێران.

پاش داخستنی دەروازە سنوورییەکان بۆ هاتووچۆی کاسبکاران و گواستنەوەی کاڵا، هەروەها بەرزبوونەوەی باجی گومرگ لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە، ئەمڕۆ دووکاندارانی بانە و جوانڕۆ مانیان گرت و دووکان و بازارییان داخست.

لە چالاکییەکی سیمبۆلیکدا، دووکاندارانی خەڵکی شاری بانە سفرەیەکی بەتاڵیان ڕاخست و بەو شێوەیە دەرئەنجامی بڕیارەکانی حکومەتی ئێرانیان پیشان دا.

دووکاندارانی شارە سنوورییەکانی  ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەڵێن، کە حکومەتی ئێران بەو بڕیارانەی بژێوی هاوڵاتیانی کورد دەبڕێت و لە دژی ئەوەش مانیان گرتووە لە کارکردن.

پێدەچێت لە ڕۆژانی داهاتوودا شەپۆلی ئەو مانگرتنە شارەکانی بانە و جوانڕۆ تێپەڕبکات و بگاتە شارە سنوورییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش.