ئاریەن

خەڵکی بانە پاش مانگرتن ڕژانە سەر شەقامەکان

پاش ئەوەی دووکانداران و کاسبکارانی شاری بانەی سەربە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بازاڕیان داخست و لە بەردەم قائیمقامییەتی ئەو شارە گردبوونەوە، ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان کرد.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووکاندارەکانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ دووکان و بازاڕیان داخست و پاشان سفرەی بەتاڵیان ڕاخست بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر بڕیاری حکومەت بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکان بەسەر کاسبکارەکاندا و بەرزبوونەوە باج و گمرک.

پاش مانگرتنەکە، هاوڵاتیانی شاری بانە ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان ڕێکخست.

مانگرتن و خۆپیشاندانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدایە، کە ماوەی چەند ڕۆژێکە کە جوتیارانی شاری ئیسفەهان خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن لە دژی سیاسەتە ئابورییەکانی حکومەتی ئێران.

بە چڕتربوونەوەی ناڕەزاییەکانی خەڵکی شاری بانە، پێدەچێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا مانگرتن و خۆپیشاندان بگاتە شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوە بەتایبەتی لە شارە سنوورییەکاندا ئەگەری زیاترە.