ئاریەن

چه‌ته‌کانى ده‌وڵه‌تى تورکیا له‌ عه‌فرین ده‌ستدرێژیى ده‌که‌نه‌ سه‌ر ژنان

چه‌ته‌کانى ده‌وڵه‌تى تورکیا که‌ عه‌فرینیان داگیرکردوه‌، به‌ ده‌یان کچ و ژنى عه‌فرینیان ڕفاندوه‌ و ده‌ستدرێژى ده‌که‌نه‌ سه‌ریان.

ئه‌مڕۆ ئاژانسى هاوار ڕاپۆرتێکى بڵاکردوه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ کردوه‌، که‌ چه‌ته‌کانى ده‌وڵه‌تى تورکیا له‌ عه‌فرین، گۆڕینى دیمۆگرافى و گرتن و ده‌ستدرێژى بۆ سه‌ر ژنان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

به‌پێى ڕاپۆرته‌که‌، سه‌ربازانى سوپاى تورکیا و چه‌ته‌کانى، که‌ عه‌فرینیان داگیرکردوه‌، کرده‌وه‌ى دژى مرۆڤایه‌تى له‌ به‌رامبه‌ر هاوڵاتیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، سه‌ره‌ڕاى دزى و تاڵانیى و ڕفاندنى هاوڵاتیانى مه‌ده‌نیى، ده‌ستدرێژیش ده‌که‌نه‌ سه‌ر ژنان.

له‌ ڕاپۆرته‌که‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌، که‌ سه‌رچاوه‌کانى ئاژانسى هاوار له‌ گوندى شیکه‌تا سه‌ربه‌ ناوچه‌ى ماباتا زانیویانه‌، که‌ چه‌ته‌کان ده‌ستدرێژیان کردوه‌ته‌ سه‌ر سێ ژن، که‌ یه‌کێکیان دووگیان بووه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ منداڵه‌که‌ى له‌بارچووه‌.

باس له‌وه‌ش کراوه‌، چه‌ته‌کان به‌ بیانووى لێپرسینه‌وه‌وه‌ ١٣ کچى هه‌مان گوندیان ڕفاندووه‌ و چاره‌نووسیان نادیاره‌.

له‌لایه‌کى تره‌وه‌، چه‌ته‌کان سێ ژنى دیکه‌یان له‌ گوندى ئوبه‌یدان له‌ ناوچه‌ى بلبل ده‌ستگیرکردوه‌، که‌ یه‌کێکیان مامۆستاى زمانى کوردیه‌، هه‌روه‌ها چوار کوڕیشیان هه‌ر له‌و گونده‌ بردووه‌ و چاره‌نووسى هه‌موویان نادیاره‌.

له‌ ڕاپۆرته‌که‌دا باس له‌وه‌ش کراوه‌، له‌ گوندى کوردۆ سه‌ربه‌ ناوچه‌ى بلبل، چه‌ته‌کان قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆیان خستوه‌ته‌سه‌ر هاوڵاتیان.

هه‌روه‌ها له‌ گوندى سۆرکێ سه‌به‌ ڕاجۆ، چه‌ته‌کان بڕیارێکى وایان له‌سه‌ر هاوڵاتیان فه‌رزکردوه‌، که‌ ته‌نها له‌نێوان کاتژمێر ١١ هه‌تا ١٤ له‌ ماڵى خۆیان بێنه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سێ گه‌نجى ئه‌و گونده‌یان گرتوه‌ و ئه‌شکه‌نجه‌یان داون.

هه‌ربه‌پێى ڕاپۆرته‌که‌، ده‌وڵه‌تى تورکىای داگیرکه‌ر خێزانى ئه‌و چه‌تانه‌ى له‌ غوته‌ى ڕۆژهه‌ڵات ئاواره‌بوون ده‌هێنێته‌ ناوچه‌ى ڕاجۆ له‌ عه‌فرین.