ئاریەن

گۆلرۆخ ئیرایی ٥٧ ڕۆژە مانی گرتووەو ژیانی لە مەترسیدایە

گۆلرۆخ ئیرایی، ژنە نووسەری زیندانییکراوی ئێرانی، لە ٥٧-ەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنیدایە و ڕایگشتیی ئێرانیش نیگەرانن لە بارەی دۆخی تەندروستییەوە.

نزیک بە دوو مانگە کە گۆلرۆخ ئیرایی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە دۆخی ژنان لە زیندانەکاندا مانی لە خواردن گرتووە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.

گۆلرۆخ ئیرایی پاش ٥٧ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن توانای بەڕێگاداچوونی لە دەستداوە و قاچەکانی سڕ بوون، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی زیندانی قەرچەکی وەرامینی سەربە تاران، هیچ کاردانەوەیەکیان پیشان نەداوە.

ئەو ژنە نووسەرە ئێرانییە ماوەیەک پێش ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەی، لە زیندانی ئەوینەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین، لەو زیندانەدا ئەشکەنجە دراوە و دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر.

بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بۆ ئەوە دۆخەی بە سەریدا سەپێندراوە و هەروەها نالەباربوونی دۆخی ژنانی زیندانی لە ئێراندا، مانی لە خواردن گرتووە.

شەوی ڕابردوو دەیان هەزار هاوڵاتی ئێرانی بە نووسینی هاشتاگێک بەناوی “گیانی گۆلرۆخ نەجات بدەن” نیگەرانییان دەربڕی سەبارەت بە دۆخی ئەو ژنە نووسەرە.

گۆلرۆخ ئیرایی نووسەرێکی ئێرانییە، کە بەهۆی نووسینی چیرۆکێک لە سەر بەردبارنکردنی ژنان، بە شەش ساڵ زیندان سزادراوە و ئەمڕۆ ماوەی ٥٧ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە.