ئاریەن

یەپەگە: هەموو ئەوانەی دێنە سنووری عەفرین دەکەینە ئامانج

فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە، هۆشداریدا، کە هەموو ئەو کەسانەی دەچنە ناوچەکانی عەفرینەوە دەکرێنە ئامانج.

ئەمڕۆ فەرماندەیی گشتیی یەپەگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەبارەت بە پیلانی حکومەتی تورکیا بۆ گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین هۆشداریدا.

لە ڕاگەیەندراوی یەپەگەدا هاتووە: ماوەیەکە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە بێدەنگییەک کە هەڵی بژاردووە بووەتە هۆی ئەوەی هێرشێکی داگیرکارانە بکرێتە سەر گەلەکەمان لە عەفرین، ئەو کردەوەیە بە ئاشکرا ژیان و داهاتووی ئازادی ناوچەکەی کردووەتە ئامانج، شەڕێک کە هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات لە دژی گەلەکەمان دەستیپێکرد، کردەوە فاشیتییەکانی حکومەتی تورکیا وایکردووە، کە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان ئاوارەبن، لەلایەکی دیکەوە ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان تاڵان دەکرێت و هەڕەشەی سەربڕینیان لێدەکرێت، هەمووی ئەوانە بە دەستی حکومەتی تورکیا ئەنجام دەدرێن.

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوی یەپەگە دا هاتووە: حکومەتی تورکیا خانەوادەی چەتەکانی لە عەزاز و ئەتمێ و هەروەها خانەوادە تورکمانەکانی عێراقی لە گوندەکانی شییە و جندرێس جێگرکردووە، ئەردۆغان بەو کارە بە ئاشکرا دەیەوێت دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت.

یەپەگە ڕاشیگەیاند: هەمووی ئەو کردەوانە جەخت دەکەنەوە سەر ئەوە، کە حکومەتی تورکیا دەیەوێت گەلەکەمان لە ناو ببات و بەنیازی نانەوەی فیتنەیەکی نەتەوەیی و مەزهەبییە لە نێوان گەلانی سوریادا، هەروەها دەیەوێت کە شەڕ لە سوریادا درێژبکاتەوە و گەلانی سوریا ئاوارە بکات و لە سەر حسابی چارەنووسی گەلانی سوریا هاوپەیمانیی نوێ پێک بێنێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوی یەپەگەدا هاتووە: ئێمە وەک فەرماندەیی یەپەگە جەخت دەکەینەوە، کە حکومەتی تورکیا بەنیازی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەیە، هەمووی ئەو لایەن و کەسانەی دەستیان هەیە لەو پیلانگێڕییەدا هۆشیاردەکەینەوە، کە هاوکاریی پیلانەکانی حکومەتی فاشیستی تورکیا نەکەن، جێگرکردنی ئەو کەسانە لە ناوچەکانی عەفرین لە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و مافی ڕەوای هێزەکانمانە کە بە ئامانجیان بگرن.