ئاریەن

ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی عەفرین

هاوڵاتیانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی دەربڕینی پشتگیری بۆ بەرخۆدانی سەردەم لە عەفرین، ڕژانە سەر شەقامەکان، بڕیارە ئەمڕۆش ناڕەزاییەکان بەردەوامییان هەبێت.

ئێوارەی دوێنێ سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکانی حکومەتی ئێران، هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپیشاندان و چالاکییان ئەنجامدا و هێرشی حکومەتی تورکیا بۆ سەر عەفرینیان شەرمەزارکرد، بڕیارە ئەمڕۆش خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت.

بەپێی باگەوازییەک کە کۆمیتەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکان ڕایگەیاندبوو، وابڕیاربوو خۆپیشاندانەکان لە سەرتاسەری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاتژمێر ٠٤:٠٠ دەست پێبکات، هێزەکانی حکومەتی ئێران بۆ رێگری لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان پێشوەخت شەقامەکانیان داگیرکرد.

سەرەڕای ئەوەش هاوڵاتیانی کورد بە ورەی بەرزەوە چالاکییان ئەنجامدا و بە وتنەوەی دروشمی “بژی بەرخۆدانی عەفرین” و “مەرگ بۆ ئەردۆغان” پشتگیریی بەرخۆدانی عەفرینیان کرد.

ڕاگەیەندرا، کە هەزاران هاوڵاتی لە شارەکانی بۆکان، مەریوان، کامیاران، سەقز، سنە، مەهاباد و سەلماسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، تارانی پایتەخت خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.

هەروەها سەرچاوە خۆجێییەکان لە مەریوانەوە ڕایانگەیاند، کە ژنان لەو شارەدا پێشەنگایەتی خۆپیشاندانیان کردووە و چەند چالاکوانیش بە ناوەکانی عەدنان حەسەن پوور، ئارمان غەفوری، محەمەد دانش، فەرامەرز محەمەدی، ناسح بەخشی، دیار یەزدانی و ئەحمەد ئیران پەناه دەستگیرکراون.

جێگای ئاماژەیە، کە کۆمیتەی ڕێکخەری چالاکییەکان بۆ عەفرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕایگەیاندووە، کە ئەمڕۆ بە بۆنەی چوارشەممە سوورییەوە دەڕژێنە سەر شەقامەکان و پشتگیریی بەرخۆدانی سەردەم لە عەفرین دەکەن.