ئاریەن

دەیان کەس لە ئامەد و مێرسین دەستگیرکران

لە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسی تورکیا بۆ قڕکردنی کۆمەڵگای باکوری کوردستان و تورکیا لە شارەکانی ئامەد و مێرسین دەیان کەس دەستگیرکران.

ئەمڕۆ هێزەکانی پۆلیسی تورکیا هەڵیانکوتایە سەر سیاسەتمەداران و چالاکوانانی سیاسیی لە باکوری کوردستان و تورکیا و دەیان کەسیان دەستگیرکرد.

ڕاگەیەندراوە، کە هێزەکانی پۆلیس لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو هاوڵاتیانەدا ئەشکەنجەیان داون.

لە شارۆچکەی بسملی سەربە ئامەدی باکوری کوردستان، دەیان ئەندام و بەڕێوبەری پارتی هەرێمە دیومکراتییەکان و پارتی دیموکراتی گەلان دەستگیرکران، لە کاتی دەستگیرکردنی شەمسەدین بالامان، یەکێک لە بەڕێوبەرانی دەبەپەدا ئەشکەنجە دراوە.

لە شاری مێڕسینی تورکیاش بە هەمان شێوە ئەندامان و بەڕێوبەرانی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان دەستگیرکران.

پۆلیسی تورکیا لە دەستپێکی هێڕشی بۆ سەر عەفریندا، سەدان هاوڵاتیی دەستگیرکردووە و ئۆپەراسیۆنێکی قڕکردنی سیاسیی لە باکوری کوردستان و تورکیا دەستپێکردووە و بەردەوامە.