ئاریەن

کوردێکی دیکە لەژێر ئەشکەنجەدا لە زیندانیەکانی ئێران گیانی لەدەستدا

ڕۆژی ٥ی شوبات، هەواڵی کوژرانی تالب بەساتی، زیندانییەکی کوردی خەڵکی شاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دراوەتە خانەوادەکەی.

ئەمرۆ سرڤیسی فارسیی کەناڵی تەلەفیزیۆنیی بی بی سی ڕایگەیاند، کە سەرچاوەیەک ئاگاداری کردوونەتەوە کە زیندانییەکی دیکە لە زیندانەکانی ئێران لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە.

بی بی سی لە سەر زاری ئەو سەرچاوەیەوە ڕایگەیاندووە، کە تالب بەساتی، خوێندکاری بەشی پزیشکی زانکۆی ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، چەند ڕۆژێ پێش ڕاگەیاندنی هەواڵی کوژرانەکەی بە خانەوادەکەی بە تۆمەتی پەیوەندی بە حزبە کورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستگیرکراوە.

ڕاشگەیەندراوە، کە بەساتی لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە.

هەروەها ئەندامانی خانەوادەکەی لە ژێر هەڕەشەیەکی قورس دان بۆ ئەوەی لەو بارەیەوە لێدوان بۆ هیچ ڕاگەیاندنێک نەدەن.

جێگای ئاماژەیە، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا دەیان کەس لە زیندانەکانی ئێراندا لەژێر ئەشکەنجەدا کوژران، سارۆ قارەمانیی تەمەن ٢٤ ساڵ یەکێک بوو لەو کەسانەی لە زیندانی سنەدا کوژرا و پاشان پڕوپاگەندەی ئەوە کرا، کە خۆی کوشتووە.