ئاریەن

ئێران جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر کۆڵبەر و کاسبکارە کوردەکان

هێزە سەربازییەکانی حکومەتی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر گوندی هەورامان لە سنووری تەتە، کە کەوتووەتە سەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان، ژمارەیەک کۆڵبەر و کاسبکاری کوردیان دەستگیرکردووە و ژمارەیەکیش برینداربوون.

بەگوێرەی هەواڵێکی کۆڵبەرنیوز، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر کاسبکاران و کۆڵبەرەکانی سەر سنووری تەتە و دەست بە سەر هەموو کەلوپەل و بارەکانیاندا گیراوە، کە بەهاکەی بە چەند ملیارد تمەن مەزەندەدەکرێت.

ڕاگەیەندراوە، کە خەڵکی گوندی هەورامان هانایان بە خەڵکی گوندەکانی دەوروبەر بردووە، کە ڕێگری بکەن لەو هێرشە تاڵانکارانەیەی حکومەتی ئێران بۆ سەر ماڵ و موڵک و گیانیان.

باس لەوەش کراوە، کە لە ناوچەکەوە دەنگی تەقەی هێزە سەربازییەکان بیسراوە.

کۆڵبەرنیوز ڕاشیگەیاندووە، کە لە سنوورەکانی شاری سەردەشتی سەر بە ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی ئەمیر شێخە لە سەر تاشەبەردێکەوە کەوتووەتە خوارەوە و برینداربووە