ئاریەن

یەپەژە: بەرخۆدانمان داگیرکەرانی تۆقاندووە

فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە ڕایگەیاند، کە بەرخۆدانی ژنان لە عەفرین داگیرکەرانی تۆقاندووەو ترسی خستووەتە ناو دڵیانەوە.

فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە، لە بارەی بەرخۆدان و گیانفیدایی ژنان لە بەرخۆدانی سەردەمدا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوی یەپەژە دا هاتووە:”بەرخۆدانی سەردەم پێی نایە ٤٤-ەمین ڕۆژییەوە، بێگومان ئەو بەرخۆدانە میراتی بەرخۆدانی کۆبانێیە، دەیان کچ و کوڕی جوان بۆ بەرگری لە خاکەکەیان گیانیان کردووەتە قەڵغان و دژی چەتەکانی حکومەتی تورکیا شەڕ دەکەن، گەلێک لەو هێرشەدا کراوەتە ئامانج، حکومەتی تورکیا دەیەوێت ئیمپراتورییەتی عوسمانییەکان جارێکی دیکە دامەزرێنێتەوە، وەک ئەژدادەکانیان دەستیان کردووە بە تاڵانکردن”.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوی یەپەژەدا هاتووە: بە رۆحی ئارین میرکان و ئاڤێستا خابوور بەرخۆدانی سەردەم بەردەوامیی هەیە، ژن لە عەفرین مێژوویەکی نوێ بۆ کورد دەنووسن، شەڕڤانانی یەپەژە دەگیرکەرانیان تۆقاندووە و ترسێکی گەورەیان خستووەتە دڵی داگیرکەرانەوە.

یەپەژە ڕاشیگەیاندووە: ئەمڕۆ لە ٤٤-ەمین ڕۆژی هێرشەکەدا، دوژمن بە فڕۆکە و تانک و موشەک و کاتیوشا و هاوەن و پێشکەوتووترین تەکنۆلۆجیای شەڕ هێرش دەکاتە سەر عەفرین، سەرەڕای ئەوەش شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە بەرخۆدانی گەورەیان ئەنجام داوە، ئەو هێرشەی دەکرێتە سەر عەفرین، بکرایەتە سەر هەر دەوڵەتێک بەرگەی ٢٤ کاتژمێری نەدەگرت، دەبینرێت کە ئیرادەی گەلەکەمان لە هەموو تەکنیکێکی شەڕ کە لە دژیان بە کار دەهێنرێت بەهێزترە.

لە بەردەوامیدا یەپەژە دەستخۆشی لە پشتگیرییەکانی گەلی کورد بۆ بەرخۆدانی سەردەمی کردووە و ڕاشیگەیاندووە: ئەو جیهانەی تێیدا دەژین، جێهانێکی بێ عەدالەتە، هەمووان هێرشەکانی سەر عەفرین دەبینن، بەڵام چاو و گوێیان بە سەریدا داخستووە، ئەگەر دروشمەکانی جیهان بۆ عەدالەت راست بانایە ئەو هەموو کوشتارەی ژنان و منداڵان دەبینران، لە عەفرین کۆمەڵکوژییەک لە ئارادایە، لە کۆتاییدا جارێکی دیکە ڕایدەگەیەنین، کە بۆ پاراستنی بایەخەکانی مرۆڤایەتی و گەلەکەمان ئەوەی بتوانین دەیکەین و پێمانوایە سەرکەوتنی گەلی ئازادیخواز و بەرخۆدانی سەردەم مرۆڤایەتی ڕزگاردەکات.