ئاریەن

کەژەکە پەیامێکی ئاراستەی هێزەکانی پاراستنی عەفرین کرد

كه‌ژه‌كه‌ ڕایگه‌یاند، بەرخۆدانى عەفرین لە ئێستاوە بووە بە ئەفسانە، بووە بە هەڵبەست و گۆرانی و لە دڵی مرۆڤایەتیدا خۆى ده‌نه‌خشێنێت.

کۆردیناسیۆنى كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی كوردستان – كه‌ژه‌كه‌، به‌بۆنه‌ی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و په‌یامی ئاراسته‌ی هێزه‌كانی پاراستنی عه‌فرین كرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەى کەژەکە-دا  هاتووە: پێش هەموو شتێک ئێمە لە هەرێمەکانى پاراستنى مه‌دیاوه‌، بە خۆشەویستى و جۆشێکى گەورەوە سڵاوتان لێ دەکەین، ئێمە به‌هۆی بەرخۆدانى سەردەم، کە ئێوە لە دژى دڕندەترین و فاشیسترین دەوڵەتى جیهان، ئەنجامى دەدەن، پیرۆزبایى و سڵاوتان لێدەکەین، ئه‌وه‌ی لە کەسایەتیى ئێوه‌دا بووه‌ به‌ ڕێبه‌ر، پێشەنگایەتی و بەهێزترین نوێنەرایەتیى لە ڕۆحى ئازادیى رێبەر ئاپۆ، بەرخۆدانى زیندانى ئامەد، ژنان، گەنجان، گەلەکەمان لە جزیر، سوور، نسێبین، کۆبانێ، شەنگال و حەلەب کردووە، بۆیە لە پێش هەمووانەوە یەپەژە و یەپەگە و هەموو ئەو هێزانەى بەشدارن لە بەرخۆدانى عەفریندا بەهێزترین و دروستترین وەڵامیان پێشکەشى ڕێبەری ئێمە بۆ ئازادى لە ئیمراڵى داوەتەوە.

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوی کەژەکەدا هاتووە: شەڕڤانانى هێژاى ئازادی، هەڤاڵانى ژن و هاوڕێیانى ئینتەرناشنالی بەشداربووی بەرخۆدانى عەفرین، ئێوە بەشێوەیەکى سەرکەوتوانە لە بەرخودانى عەفریندا پێشەنگایەتیى هێڵى ئێمە بۆ ئازادی، یەکسانیى ژن و پیاو، فەلسەفه‌ی ژیانى ئازادتتان کردووە، شارى عەفرین لە بەرخودانێکى نائاساییدا، خاکى خۆی، هەبوون و ناسنامەى خۆى دەپارێزێت، شەڕڤانانى ئازادی لە عەفرین بەشێوەیەک کە هەرگیز لە مێژوودا لەبیرناچێتەوە، بەرخۆدانێکى شکۆمەندانەیان بۆ مرۆڤایەتى نەخشاندووە، بۆ ئەو هێزانەى کە لە دژى ناهەقی، نایەکسانی و نادادپەروەى تێدەکۆشن، بوونەتە سەرچاوەى ئومێد و نموونەیەکى بنەڕەتی، ئێوە لە دژى دەوڵەتى تورکیا، کە هەمان بیرى داعشى هەیە و پشتی به‌ هەموو هێز و تەکنۆلۆجیاى سەربازیی هه‌ره‌ زاڵمانەی جیهانى مۆدێرنە به‌ستووه‌، بە بیر و هۆشى ئازادی، بە دڵە ئازاکانتان، قارەمانانە و به‌ ڕۆحی جەنگاوەرانە وەڵامتان داوەتەوە.

کەژەکە دەشڵێت: شەڕێکى خۆپاراستنى مافدارانەتان بەشێوەیەکى سەرکەوتوانە بەڕێوە بردووە، شاری عەفرین لە کەسایەتیى ئاڤێستا خابوور، بارین کۆبانێ و سلاڤاندا بە پێشەنگایەتیى ژنان و بەرخۆدانى فیداییانە باشترین وەڵامى شکۆمەندانە و کاریگەریان بە سیستمى باوکسالاری، فاشیزم، دیکتاتۆری، جیهانى پیاوى باڵادەستى زاڵم، پیلانگێڕ و ساختەکار داوه‌ته‌وه‌، ئازادبوونی ژن، کوردبوونى ئازاد، بڕیارمەندیى ژیانێکى جوان و پێكه‌وه‌ژیانی گەلان لە عەفرین جارێکی دیكه‌ شین ده‌بێت.

کۆردیناسیۆنی کەژەکە ڕاشیگەیاند: بە رۆحى ئەو ژیانە ئازادە، کە لە رۆحی بەرخۆدانى عەفریندا خۆڵقێندراوە، ئێمە بە دڵخۆشی و سەربڵندیی بەرخۆدانەکەى ئێوەوە رۆژى ٨ى مارسی ٢٠١٨، رۆژى ژنانى ڕه‌نجده‌ری جیهان لە هەموو هێزەکانمان کە لە ئەرکى خۆپاراستندان پیرۆز دەکەین، ژن، گەلی کورد، گەلانى تورکمەن، عەرەب، ئەرمەنی، ئاشووری، کۆمەڵگەى ئێزدى، عەلەوی، مەسیحی، جووله‌كه‌ و مسوڵمان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بە رۆحی بەرخۆدانى عەفرینەوە بەهاری ٨ى مارسی ٢٠١٨ دەستپێدەکەن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە: بە ڕەنگى عەفرین، لەو خاکە جوانەدا، لەو جوگرافیا بێ وێنەیەدا، لە بن دارە زەیتونەکاندا و بە رۆحی ئازادییەوە، ژیانى نوێ و ئازاد سەرلەنوێ دەخوڵقێندرێت، بەرخۆدانى عەفرین لە ئێستاوە بووە بە ئەفسانە، بووە بە هەڵبەست و گۆرانی و لە دڵی مرۆڤایەتیدا، لەبەر ئەوەش ئەو ڕۆحە یەکێتی و ئازادیى گەلی کورد، خوشك و برایەتى، هێڵى ئازادیى ژنان، ئیرادەى ئازادى گەلان و مرۆڤایەتى، بە پێشەنگایەتیى ژنان و ژیانى نوێ لە عەفرین سەردەکەوێت.