ئاریەن

ئاسیا عەبدوڵا: ڕوسیا رێگای دایە تورکیا لە عەفرین کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات

ئاسیا عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری جڤاکی دیموکرات- تەڤ-دەم، ڕایدەگەینت، کە ڕوسیا ڕێگای دایە تورکیا کە لە عەفرین کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات، بەڵام بەرخۆدانی عەفرین هەموو پێشبینییەکانی تێکدا.

ئاسیا عەبدوڵا، سەبارەت بە بەرخۆدانی سەردەم لە عەفرین، کە ئەمڕۆ لە ٤٣ یەمین ڕۆژیدایە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوواوە.

ئاسیا عەبدوڵا دەڵێت: ماوەی ٤٣ ڕۆژە کە سوپای تورکیا بە هەموو هێزییەوە لە بەر چاوی کۆمەڵگای نیودەوڵەتی هێرش دەکاتە سەر عەفرین، بەرخۆدانێکی گەورە لە عەفرین لە ئارادایە، تورکیا دەیەوێت عەفرین داگیربکات و خەڵکەکەی کۆمەڵکوژبکات، کاتێک وڵاتێکی دەرەکی بەو شێوەیە دەستێوەردانی وڵاتێکی دیکە دەکات، گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بە ئاسانی ڕوو نادات.

لە بەردەوامیش دا وتوویەتی: هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەردۆغان و داعشدا نییە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ڕۆژانە هاوڵاتیان کوشتار دەکەن، ئەگەر ناوی ئەوە تیرۆریزم نییە چییە؟ شوێنی ژیانی خەڵک وێران بووە، ئەوە پاکتاوی ڕەگەزییە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا دەڵێت: ئە هێرشە دەرئەنجامێکی دانوستانەکانی ئاستانەیە، ڕوسیا ڕێگای دایە تورکیا هێرش بکاتە سەر عەفرین و خەڵک کۆمەڵکوژ بکات، ئەوە ئاشکرایە و هیچ شاراوە نییە، ئەرکی حکومەتی سوریایە کە بەرگری لە خاکەکەی بکات، بەڵام حکومەتی سوریا هەبوونی نییە، حکومەتی سوریا سەربەخۆ و بەبێ بڕیاری دەرەوە بۆی نییە هیچ بڕیارێک بدات، عەفرین ماوەی ٤٣ ڕۆژە کە بەرگری لە هەموو خەڵکی سوریا دەکات.

ئاسیا عەبدوڵا، لە کۆتاییدا وتی: ئەنجومەنی ئاسایش داوای کردووە ئاگربەستێکی ٣٠ ڕۆژە لە سوریا ڕابگەیەندرێت، ئێمە ئامادەییمان دەربڕیوە بۆ ئەوەی تیمە چاودێرەکان بێن و بۆردوومانی شوێنە مەدەنی نشینەکان لە نزیکەوە ببینن، بەڵام نەهاتن، بەردەوامبوونی تورکیا لە هێرشەکانی بە واتای ئەوەیە کە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش هیچ بایەخێکی نییە.