هێزەکانی گەریلا لە سێ ناوچە گورزیان لە سوپای تورک دا

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە سەبارەت بە چالاکیی گەریلاکانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، کە لە سێ شوێنی جیاواز گورزمان لە سوپای تورک داوە.

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، سێ چالاکیی گەریلاکان لە چەلێ و قلابانی ئاشکراکرد.

هەپەگە ڕایگەیاند: ڕۆژی ١١ی شوبات کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکی نیوەڕۆ هێزەکانمان لە دژی بارەگای شکێرێی سوپای تورک لە چەلێی سەربە جولەمێگ چالاکییان ئەنجامدا و گورزی کوشندەیان لێدان، ژمارەی کوژراوان و بریندارانی دوژمن لەو چالاکییەدا نەزانرا، پاشان سوپای تورک بە هەلیکۆپتەر بریندار و کوژراوەکانی لە شوێنی چالاکییەکە گواستەوە.

لە بەردەوامیدا ڕایگەیاند: دوێنێ کاتژمێر ١٠:٠٠ی شەو هێزەکانمان لە گردی کۆردینەی چەلێ چالاکییەکی دیکەیان لە دژی سوپای تورک ئەنجامدا، ژمارەی کوژراو  بریندارەکانی دوژمن لەو چالاکییەشدا نەزانراوە.

لە کۆتاییشدا ڕایگەیاندووە: هەر دووێنێ کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ لە گردی شەهیدان لە شارۆچکەی قلابانی سەربە شرناخ چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا گورز لە پێگەکانی سوپای تورک دراوە.